دوو مەرزی دیکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێنەوە

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، بەھۆی ئەو هەماهەنگی و ئاسانکاریانەی لەنێوان هەرێم و ئێران وایکردووە رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێم و ئێران بەرێژەی 25% زیاد بکات و بڕیاریشە دوو مەرزی نوێش بکرێنەوە و کۆبوونەوەیەکی دیکەش لە حاجی ئۆمەران لە نێوان پارێزگاری هەولێر و ئورمیە بەڕێوەدەچێت.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “پێش ماوەیەک سەردانێکی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئێران لە ئورمیە رێکخرا، لەوێ باس لەوەکرا کە کار بکرێت بۆ ئەوەی قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زیاد بکرێت و لەئێستادا بەراورد بەساڵی رابردوو 25% زیادی کردووە، ئەمە لەحاجی ئۆمەران و لە مەرزەکانی دیکەش بەهەمان شێوە زیادی کردووە، بۆیە بەردەوام بەرەو زیادبوونه‌ و لە کۆنفرانسی ئورمیەش باس کرا”.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: “هەوڵدەدرێت بۆ زیاتر زیادکردنی و لەماوەی چەند رۆژی داھاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکەی نێوان پارێزگاری هەولێر لەگەڵ پارێزگاری ئورمییە لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی بتوانن ئاڵوگۆری بازرگانی زیاد بکرێت و هەرێم و ئێرانیش سوورن لەسەر ئەوە و خودی سەرۆککۆماری ئێرانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پێویستە هەرچی پێویست بێت بکرێت بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی”.
ئاکرەیی باسی لەوەشکرد: “دوو مەرزی دیکەش لە قەڵادزێ و لە سیدەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێنەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی بتواندرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زیاد بکرێت و بڕیارە ئەو دوو مەرزەش لەم دوو مانگە بکرێنەوە”.