ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا کۆبووەوە و بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێم، ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتیی ئەمەریکاش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە.
ئاماژە بەوەشدراوە، ستیڤ لوتس جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و پێکهاتەی شاندەکە خستەڕوو کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیای ئەمەریکیی لە بواری پەرەپێدانی کشتوکاڵی پێکهاتبوو .
لە کۆبوونەوەکدا، مەسرور بارزانی وێڕای سوپاسکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ گرنگیدان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز و کاراکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت رایگەیاندووە، مانجمان ئەوەیە، هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی گرنگی کشتوکاڵی و بازرگانی لە ناوچەکەدا بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، هانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکانیشیدا پەرە بە وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان بدەن بە تایبەتی لە بواری وزەی نوێبووەوە و کاروباری بانکی، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەمبارەیەوە دووپاتکردەوە.