ئه‌سعه‌د عه‌دۆ
كلام اللیل یمحوه النهار
وه‌ك بڵێی دوێنێیه كاتێ خوالێخۆشبو(فڕه‌نسۆ هه‌ریری)له‌نێو په‌رله‌ماندا له دانیشتنی ئاشتبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا هه‌ڵسایه‌وه‌و گووتی : من به پێچه‌وانه‌ی براده‌رانی به‌رله‌خۆم كه گووتیان : دوعا ده‌كه‌ین خودا ئاوێك به‌و ئاگره دابكات ! من ده‌ڵێم : خودایه ئاوێك به‌و ئاگره‌ی دادێ بكه‌یت !
ئه‌وه‌ته(30) ساڵ به‌سه‌ر دوعای ئه‌و جوامێره‌دا ده‌چێت ، هێشتا ئه‌و ئاگره دانه‌مركاوه‌ته‌وه ! هه‌روه‌ها باشم وه‌بیره كاتێ له‌نێو په‌رله‌ماندا سۆزوپهیماندرا كه یه‌كێتی وپارتی شه‌ڕی یه‌كتر نه‌كه‌ن كه‌چی هێشتا حوبری سه‌ر كاغه‌زه‌كه وشك نه‌ببوو كاتێ سهرتیلهی خانوه‌كانمان له‌یه‌كتر گرته‌وه !
به‌مشێوه‌یه چوار ساڵێكمان به‌ده‌رده‌سه‌ری ، ماڵوێرانی ، قوڕبه‌سه‌ری به‌سه‌ربرد ! چه‌ندان و چه‌ندین خانه‌واده‌مان پهرتوپهڕاگهندهی دونیابوون ! به ئاهونیزای هه‌تیوانی كوردستان براگهورهكانمان گه‌یشتنه قه‌ناعه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان له‌و قۆناغه ترسناكه ده‌رباز بكه‌ن ، پێویستیان به رێككه‌وتنێكی كۆنكریتی هه‌یه ، له‌به‌رهه‌ندێ هه‌موو ناكۆكی كۆن و نوێیان وه‌لانا ، ئیدی رۆژ به‌رۆژ كوردستان به‌ره‌و گه‌شانه‌وه ده‌ڕۆیشت
به‌داخه‌وه به نه‌مانی مامی ره‌حمه‌تی ، مه‌یدان بۆ فه‌ریكه سیاسیه‌كانی یه‌كێتی چۆڵ‌بوو كه نه‌یانتوانی سوود له ئامۆژگاریه‌كانی مامه وه‌رگرن ، بۆیه پابه‌ند نه‌بونیان به‌و رێككه‌وتنه له هه‌ڵبژاردندا زه‌ره‌رمه‌ند بوون ! له‌به‌رهێندێ تووشی هێستریا بوون ! تا ده‌هات به‌ره‌و خراپی دهخلیسكان هه‌رچه‌نده پارتی به یه‌قینه‌وه (دروشمی به‌دیلی یه‌كێتی بۆ پارتی هه‌ر یه‌كێتیه‌ی) هه‌ڵگرت ، به‌ڵام ده‌سیسه‌ی نه‌یاران و نه‌بوونی تهكبیركهرێك له‌نێویاندا بارودۆخی خۆیان و كوردستانیان گه‌یانده ئه‌و قۆناغه زێده ترسناكه كه بێ شه‌رمانه له( 16 ئوكتۆبه‌ر)پێشڕه‌ویان بۆ هێزی شیعه‌ی(ئێران ، عێراق ، لبنان)كرد ، كه بوه هۆكاری له‌ده‌ستدانی زیاتر له‌نیوه‌ی خاكی كوردستان !
جارێكی دیكه پارتی له روانگه‌ی لێبورده‌یی و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای كوردستان ، سیاسه‌تی(عهفا عه‌مما سه‌له‌ف)له گه‌ڵ یه‌كێتی پراكتیك كرد ، وه‌ك برابه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیكه پێكه‌وه له حكومه‌تی كوردان به‌شداربوون ، به‌ڵام خورمژه سیاسه‌تی یه‌كێتی(قاچێك له‌مبه‌ر یه‌كێ له‌وبه‌ر) هه‌روه‌ها نه‌بوونی مه‌ڵبه‌ندێكی بڕیاردان و لێكترازانی رۆژانه‌یان ئه‌و حیزبه‌یان گه‌یانده ئه‌و قۆناغه كه به ئاشكرا‌و به‌نوێژی نیوه‌ڕۆ شانازی به هاوسه‌نگه‌ری نه‌یارانی كوردان بكه‌ن ! ئه‌وه‌ی خه‌ڵك مه‌نده‌هۆش ده‌كات ئاهه‌نگ گێڕانیان به له‌تله‌تكردنی هه‌رێمی خوێن وگۆشته ! ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رمه‌ستت ده‌كات ئه‌و لافوگهزافهیه (له به‌غداوه دهكوردێنین ! )
له ( 28 / 11 / 2008 )له گۆشهكهمدا له ژێرناونیشانی(شعبنا الكوردی)ته‌نیا باس له نه‌یاران و بهدبێژان( النجیفی ، محمد الداینی ، حنینۆك)ده‌كه‌م ، كه هه‌رده‌م چاویان به به‌ره‌وپێشچونی كوردستان هه‌ڵنه‌ده‌هات بۆیه له‌نێو پهرلهمانداو له لای رێكخراوه‌كانی نێو ده‌وڵه‌تیدا درێغیان پێ نه‌ده‌كردین ! كه‌چی ئێستا به‌هۆكاری دڕدۆنگی نێوانمان بوینه‌ته پاروێكی ئاسانتر بۆ قووتدان ! رۆژانێك له‌و به‌غدایه خه‌ڵكانێكمان په‌رده‌ی شه‌رمیان له‌سه‌رخۆ لادابوو ، كوون وكه‌له‌به‌ر نه‌مابوو بۆ لێدانی به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان سه‌ردانی نه‌كه‌ن ! سوپاس بۆ خودا ئێستا ئه‌وان و خوایاربێت ئه‌مانه‌ش ده‌بنه بڵقی سه‌رئاو !
دوا شانۆگه‌ری مه‌هزه‌له‌یی فراكسیۆنی یه‌كێتی كه په‌یڤی شه‌رمه‌زاری له‌ئاستیدا شه‌رمه‌زار ده‌بێت ! له رۆژانی شه‌ڕه زێده دژواره‌كه‌ی بوودجه‌دا بوو ، كه له گۆڤه‌ندی نه‌یارانی كورد سه‌رچۆپیان بۆ( الخزعلی ، مسته‌فا سند ، یوسف كلابی) كردبوو ، بۆ ئێوارهكهیش ئه‌و حاقیدانهی دژ به مافه‌كانی كوردستانیان به ڤیدیۆ گاڵته‌جاڕیان به هه‌موو كورد ده‌كرد له سه‌روویانه‌وه فراكسیۆنی یه‌كێتی كه به شانازیه‌وه ده‌یانگووت : له بڕگه‌ی (13-14)گۆڵمان له كوردان كرد !
تۆ بڵێی تا كه‌ی ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه له‌سه‌رمان پراكتیك ده‌كرێ و له گه‌ڵ هه‌موو وه‌عدو وعودێكی ئه‌وانه‌ی خۆمان و ئه‌وانه‌ی به‌غدا چه‌ندانجار دووباره ده‌بێته‌وه ؟!