نەسرین حەسەن
- نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە، سەرەڕای بەردەوامیی نایەکسانی رەگەزی لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، بەدوور نازانرێت تا ساڵی 2٠٣٠ جیهان بە یەکسانی جێندەری بگات. سەرەڕای زیادبوونی گرووپی داکۆکیکار لە مافی ئافرەت، بەڵام گرفتە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان و زیادبوونی قەیرانی گەشەسەندنی مرۆیی کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دروستبوون، بوونەتە هۆكاری ئەوەی بەشێك لە ئافرەتان بێكار بن و ئەمەش كاریگەری لە بەرەوپێشچوونی ئافرەتان كردووه بۆ گەیشتن بە یەكسانی رەگەزی لە جیهاندا.
- بە پێی هەواڵێك كە لە سایتی تەندروستی ئافرەتان بڵاو كراوەتەوە، توێژینەوەیەك باس لەوە دەكات كە هەر چەندە حەبی رێگری دروستبوونی مندال سوودی هەیە بۆ ئافرەت و لە چەندین نەخۆشی هێلكەدان و منداڵدان دەیپارێزێت، بەڵام “تێرێزجۆهانسۆن” لە بەشی بەرگری و جینات و نەخۆشی لە زانکۆی “ئۆپسالا “لە سوید و یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەكە هۆشداری دەدات لەوەی کە ڕەنگە هەندێک لە ئافرەتان دوای دەستپێکردنی بەکارهێنانی حەبی رێگری لە دروستبوونی منداڵ تووشی خەمۆكی بن،بۆیە پێویستە بە وریاییەوە بە كار بهێنرێت.
- بە پێی راپۆرتێك كە لە “ئۆنلاین نیوز” بڵاوكراوەتەوە،دکتۆر “ئەمیر حسێن جەلالی” پزیشکی دەروونی و مامۆستای زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ ژیانێکی هاوبەش، هەبوونی ڕێکەوتنێک بۆ گەیشتن بە خەونێکی هاوبەش بە کەمترین كێشە لە نێوان هاوسەراندا، پێویستە و ئەو گرێبەستەی کە لە نێوان ئەو دوو هاوسەرەدا واژۆ دەکرێت، پێویستە جۆرێک لە ئینتیما و خۆشەویستی و دڵخۆشبوون لە نێوانیاندا هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئارامی و دڵخۆشی نێوانیان، بەڵام کاتێک لە قۆناغێکی ژیانی هاوبەش ئامانج و خەونی ئەو دوو هاوسەرە لە یەكتر دوور كەوێتەوە و قسەی هاوبەش و كاتەكانی بە یەكەوەبوونیان كەم بێت، هاوسەرگیرییەکەی ئەوان دەگاتە ئاستێک کە بە جیابوونەوەی سۆزداری ناسراوە و ئەو بابەتە پێویستە
هەڵوەستەی لە سەربكرێت. - هەواڵێك لە بی بی سی بڵاوكراوەتەوە و باس لەوە دەكات كە هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا گەشتکردن بە تەنیا لە زیادبووندایە، بەڵام هێشتا ئافرەتان لەکاتی گەشتکردن بە تەنیا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. بەڵام هەندێک وڵات لە ڕووی سەلامەتی و کوالیتییەوە ڕیزبەندییەکی باشتریان بۆ ئافرەتان هەیە، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی گەشتیاری “ویرۆتۆسۆ” زۆرترین گرووپی تەمەن کە لە ساڵی 2٠22 بەدواوە بە تەنیا گەشتیان كردووە، ئەو ئافرەتانەن کە تەمەنیان 6٥ ساڵ و سەرووتر.