سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ماسی له‌ دهۆك دروست ده‌كرێت

له‌ چوارچێوه‌ی پلانە ستراتیژییەکانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌ بواری به‌رهه‌مهێنان، پڕۆژه‌یه‌كی به‌رهه‌می ماسی وه‌ك گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق دروست ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 18ـی حوزه‌یرانی 2023) فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پارێزگای دهۆک دروست دەکرێت، کە لە چەند بەشێک پێک دێت، به‌شێوه‌یه‌ك لە قۆناغی یەكەمدا توانای هه‌یه‌ دووسەد تۆن گۆشتی ماسی به‌رهه‌م بهێنێت.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئامانجی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، بریتییه‌ له‌ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیی ناوخۆ و پەرەپێدانیەتی بۆ ئاستێك بتوانرێت هەناردەی دەرەوە بكرێت، هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ لە قۆناغی یەكەمدا لە ماوه‌ی ساڵێکدا توانای به‌رهمهێنانی 21 ملیۆن پەنجەماسی و 1200 تۆن گۆشتی ماسی هه‌یه‌.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌ كه‌ ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و تەواوکەری بەرهەمی کشتوکاڵییە لە هەرێمی کوردستان، به‌شێوه‌یه‌ك سەرمایەکەی 10 ملیۆن دۆلارە، هاوكات لە ئێستادا 500 دەرفەتی کاری بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌،‌ هیچ جۆرە پرۆژەیەکی بەرهەمی ماسی لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەو شێوەیە و بەو جۆرە سیستەمە دروست نەکراوە و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تێدا بەکار هێنراوە.

به‌گوێره‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ڕووبەری پڕۆژەکە 229 دۆنمە و لە هەڵهێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەزی ماسی پێکدێت، روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، پلان هەیە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئالیک دابنرێت و دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، لە داهاتوودا بەرهەمی ئەم پرۆژەیە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو ده‌كرێت.