کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڕیار دەدات

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەدات.

عیماد جەمیل، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: “بڕیارە سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کۆمسیاران بکرێت، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی سەرپەرشتیکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بدەین”.

گوتیشی: “تائێستا هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم کۆمسیۆن نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، تەنیا ئەوە نەبێت 18/12/2023، هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام دەدرێت، ئەو وادەی کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە زۆر نزیکە لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق، بۆیە ئەستەمە لەو رێکەوتە بکرێت”.

ئاماژەی بەوەشدا، رەنگە لیژنەیەکی تایبەت بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەن.

ئەمە دوای ئەوە دێت رۆژی پێنجشەممە 15/6/2023، شاندێکی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

ئەو شاندە کە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی هەولێریان كردبوو. جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تیمێكی پسپۆڕی یۆنامی و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی عێراق ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون. نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردەوە كە هەرچی زووە هەنگاو بنرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا جینین پلاسخارت و تیمی یۆنامی پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی سەرۆکی هەرێم راگەیاند و ئامادەیییان نیشان دا بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردن.

هەروەها سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، ئامادەییان نیشاندا بەپێی یاسا و دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و رێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەرێوە ببەن.

لە 26ی ئاداری 2023، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18/11/2023 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.