لە زاخۆ دەستبەسەر چوار تۆن ئارد داگیرا کە ساختەکاری لە کوالێتیەکەی کراوەو ئاردی بەشە خۆراک لە کیسی سفری تورکی کراوە.
وڵات هەجەر، بەرپرسی لیژنەکانی بەدواداچوونی قایمقامیەتی زاخۆ بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: “ئەو هاووڵاتییەی ساختەکاری لە ئاردەکە کردووە، لەناو کیسی ئاردی سفری تورکی هەوڵیداوە لە بازگەکانی زاخۆ دەربازی بیباتە دەرەوە، بەڵام دەست بەسەر ئاردەکەدا گیراوە و ئەو کەسەش بە بڕی دوو ملیۆن دینار سزادراوە و هاوکات ئاردەکەشی کە چوار تۆن بووە بە خۆڕایی بەسەر چەند سەمونخانەیەکدا دابەشکراوەو زۆربەیان ئەو سەمونخانەن کە قەرزی نانیان لەسەر خەڵکە و بەرامبەر پێدانی ئەم ئاردە لە خەڵکی قەرزدار خۆش دەبن”.
گوتیشی: “بۆ ئەوەی ئاردی بەشە خۆراک و نان گران نەبێت، بڕیارمانداوە ئاردی بەشە خۆراک کە دێتەوە زاخۆ بردنە دەرەوەی بە مەبەستی بازرگانی و فروشتن قەدەغە بکرێت”.