تەنبووری دڵ بۆ دەشکێنی
کە ژێی بەندی ئەوینت بێ؟
بۆ سەمای باڵ دەسوتێنی
کە پەروانەی چڕینت بێ؟
بۆ بەر چاوم دەتارێنی
تەماشای بێ دەنگیت دەکا؟
بۆچی لاژەم دەخنکێنی
خۆی ئاوێتەی مەنگیت دەکا؟
ترپەی دڵم دەشێوێنی
گوێ لە ڕێگەی جووڵەت دەگرێ
بۆ خەیاڵم دەقرتێنی
تازە چرۆی عەشقت دەگرێ؟
بوونم مەست و نەبووم مەستە
من مەی زادە و تۆ مەیڕێژی
پێکی عەشقم کە بۆت هێنا
تامت نەکرد، بۆ دەیڕێژی؟
بە ترپەیەک لە دڵی تۆ
عومری نوحی نوێم پێ دەدەی
نائومێدی لە ڕۆژگارت
لە ئاست عەشقا بۆ وا دەکەی؟
توو ئەسرینی وشکەساڵیت
بارانێ بۆ دڵ بنێرە
توو وەحشەتی تەنیایی خۆت
ئاهەنگێ بۆ دڵ بگێڕە.