مهسرور بارزانی له شاری ههولێر سهردانی بانكی جیهانی كرد و باڵهخانهی نوێی بانكهكهی كردهوه و رایگهیاند بانكەكان دەتوانن هۆكارێكی سەرەكی بن لە بووژانەوەی ئابووریی هەر وڵاتێك.
ئهمڕۆ چوار شهممه 14/6/2023، مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان لە شاری هەولێر، باڵهخانهی نوێی (بانكی جیهان)ی له ههولێر كردهوه، لهو میانهشدا وتارێكی گرنگی پێشكهش كرد، ئهمهی خوارهوه دهقهكهیهتی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان زۆر سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە كە ڕێگەتان دا بێین هەم باڵاخانەكەتان ببینین و لەگەڵیشتان دابنیشین و سەردانتان بكەین. ئینشائەڵا پیرۆزە لێتان و یەكێكی تر دەبێ لەو هەنگاوە باشانەی كردووتانە و ئینشائەڵا شتی تریشی بەدوادا دێت. موهیم ئێوە كاری باشتان كردووە، هەم خزمەتی خۆتان كردووە، بەڵام لەوە گرنگتر خزمەتی هاووڵاتیان و خزمەتی خۆشتان كردووە. ئەمە جێی دەستخۆشی و جێی پێزانینە. ئێمەش ئەوەی پێمان بكرێ بۆ پاڵپشتیی ئێوە ئینشائەڵا بەردەوام دەبین.
من سوپاستان دەكەم بۆ ئەوەی كە ئێوە بەشدارن لە پرۆژەی (هەژماری من)یش كە وەكوو پرۆژەیەكی حكوومەت، هەم جەنابی وەزیر، زۆر لامان مەبەست بووە كە سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان بەهێز بكەین.
تاوەكوو ئێستا ئەوەی هەستمان پێ كردووە، بانكەكانی ئێمە لە ئاستی نێودەوڵەتی كاریان نەكردووە، یان لەوانەیە شتێكی نامۆ بووبێت و تێیدا شارەزا نەبووبن، یان ئەو ئیمكانیات و تەكنەلۆجیایەی كە پێویست بووە، بەردەست نەبووە، لەبەر ئەوە زۆربەی بانكەكان لە هەرێمی كوردستان تەنیا شوێنی حەواڵەی پارە بووە یان مووچەپێدان و شتێكی تر بووە، بەڵام وەكوو سیستەمی بانكینگ نەبووە.
بانكەكان دەتوانن هۆكارێكی سەرەكی بن لە بووژانەوەی ئابووریی هەر وڵاتێك، پێشخستنی ئابووریی هەر وڵاتێك كۆڵەكەی سەرەكیی جووڵانەوەی ئابووریی وڵات بانكەكانن، بۆیە زۆرم لا مەبەستە بانكەكانی ئێمە بە شێوازێكی ستانداردی نێودەوڵەتی كار بكەن. ئەو پێداویستییانەی كە لازمیشە، ئێوە خۆتان دەستەبەری بكەن و هاووڵاتیانیش جۆری مامەڵەیان لەگەڵ بانكەكان دەبێ جۆرێكی سەردەمیانە بێ و تێك بگەن، بە تایبەتی لە كردنەوەی (هەژماری من) وەكوو بانكەكان، ئەمە شتێكی زۆر زەروورە بۆ خۆشیان و سوودێكی زیاتریش دەتوانن لێی وەربگرن. هاووڵاتی تەنیا سەردانی بانك نەكات بۆ ئەوەی مووچە وەربگرێت، بەڵكوو دەتوانێ پەیوەندییەكی دوو لایەنە لە نێوان بانك و هاووڵاتی دروست بكرێ، چۆن بانك بتوانێ یارمەتیی هاووڵاتی بدات، چۆن هاووڵاتی بتوانێ لە ئیمكانیاتی بانك ئیستفادە بكات بۆ باشكردنی بژێویی ژیانی خۆی و پێشخستنی ئەو پرۆژە ئابوورییانەی لەوانەیە زۆر كەس هەیانبێت.
بۆیە من دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هیوادارم ئەو پرۆژەی دەستمان پێ كردووە، ئێستا سەرەتایە، لە ماوەی دوو ساڵ، ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە هەرچیی فەرمانبەری حكوومەتە زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار كەسە، ئەمانە بخرێنە سەر ئەم سیستەمە، لە هەمان كاتدا لەگەڵ كەرتی تایبەت و خەڵكی تریش لە دەرەوە و بۆ هەموو هاووڵاتیان، شتێكی وا بكەین كە بانكەكان ئەم خزمەتگوزارییە فراوان بكەن و هەموو هاووڵاتیانیش تێیدا بەشدار بن.
تا ئێستا حەفت بانك بەشدارییان كردووە، ئەوانەی مواسەفاتیان تێدایە ئێمە هەمووی بێگومان پێداچوونەوەیان پێدا دەكرێت، ئێمە داوا دەكەین هەرچی بانكە لە كوردستان لەو سیستەمە بەشدار بێت، چونكە دەمانەوێ هاووڵاتیان هەمووی تێیدا سوودمەند بن.
جگە لە سیستەمی بانكی، من خۆشم دەزانم و لەوانەیە چەندینجار خۆشم چایەكەی ئێوەم خواردبێتەوە، خزمەتی زۆرتان كردووە لە زۆر بوار، ئینشائەڵا هەر سەركەوتوو بن. ئەوەی ئێوە دەیكەن بێگومان كاریگەریی دەبێت لەسەر دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، ئێمەش پشتیوانتان دەبین و ئینشائەڵا سەركەوتوو دەبن.