به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی ئۆڤه‌رپاس و ئه‌نده‌رپاس و یوتێرنی ماڵتا له‌ دهۆك داندرا

چواس خالید – هە‌ولێر

له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ١٣ی حوزه‌یران له‌ مه‌راسیمێكدا و به‌ ئاماده‌ بوونی پارێزگاری دهۆك و سه‌رۆكی شاره‌وانی دهۆك، ساسان عه‌ونی وه‌زیری گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ردی بناغه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می ئۆڤه‌رپاس و ئه‌نده‌رپاسی ‘بناڤی یه‌ك’، و یوتێرنی ‘ماڵتا’ له‌ سه‌نته‌ری شاری دهۆك دانا؛ ئەم پرۆژە به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ سێزده‌ ملیار دینار جێبه‌جێ ده‌كرێت و گرفتی هاتوچۆ له‌و ناوچه‌یه‌ چاره‌ ده‌كات.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان ستایشی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ به‌رده‌وام به‌ ته‌نگ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه‌، بۆ زیادتر خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستان.
ساسان عه‌ونی، باسی له‌وه ‌كرد، پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئۆڤه‌رپاس و ئه‌نده‌رپاسی بناڤی یه‌ك و یوتێرنی ماڵتا، بۆ شاری دهۆك و هه‌رێمی كوردستانیش گرنگه‌ و به‌ ته‌واوبوونی گرفتی جه‌نجاڵی هاتوچۆ له‌ سه‌نته‌ری شاری دهۆك چاره‌سه‌ر ده‌بێت و ده‌بێته‌ هۆی ئاسانكاری هاتوچۆ و كه‌مكردنه‌وه‌ی جه‌نجاڵی و شاری دهۆك له ‌ڕووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، ده‌چێته‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتووتره‌وه‌.
له‌ مه‌راسیمی دانانی به‌ردی بناغه‌ی ڕۆنانی ئه‌و پڕۆژانه‌، عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆك ڕۆنانی ئه‌و پڕۆژانه‌ی به‌ گرنگ و پێویست له‌ قه‌ڵەم دا و گوتی: دروستكردنی یوتێرنی ماڵتا، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هاتوچۆی هاووڵاتیان و هاتوچۆی ده‌ره‌كی چاره‌ ده‌كات و هۆكارێك ده‌بێت بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆی ڕۆژانه‌.
پارێزگاری دهۆك هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كاتێك هاووڵاتییه‌ك له‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ ده‌چێته‌ هه‌ولێر، له‌ ته‌واوی ڕێگه‌كه‌، ته‌نیا ترافیكی شێخان له‌به‌رده‌میدا ده‌بێت و له‌ به‌رنامه‌دایه‌ ئه‌و ترافیكه‌ش لا بده‌ین.
له‌ سه‌نته‌ری شاری دهۆك به‌رده‌وامیی جه‌نجاڵی و قه‌ره‌باڵغی سه‌ر شه‌قامه‌كان، زۆرجار هاتوچۆی له‌و شاره‌ ده‌خنكاند و جیا له‌ ئۆتۆمبێلی ناوخۆی، ڕێبواران و گه‌شتیارانی كوردستان و توركیا و شارۆكه‌كانی ده‌ورووبه‌ر، هێنده‌ی دی شه‌قامه‌كانی جه‌نجاڵ كردبوو، به‌جۆرێك ده‌رچوون گه‌لێك ئه‌سته‌م بوو، كه‌ دواجار به‌ بڕیاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ دروستكردنی ئه‌و ئۆڤه‌رپاس و ئه‌نده‌رپاسه‌، چاره‌ی کێشەی جه‌نجاڵیی ئەو شه‌قامە ده‌كات و جیا له‌ ترافیكی شێخان، هیچ ترافیكێكی دیكه له‌سه‌ر ڕێگه‌ی هاتوچۆی ئەو هاووڵاتیانەی كه‌ سه‌ردانی دهۆك ده‌كه‌ن یاو گه‌شتیارانه‌ی له‌ ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ ڕووه‌و كوردستان دێن، نامێنێت.