ڕائیب جادر – هەولێر
٨٢٪ـی ھاوبەشان پێوەری ئاویان بەستووە، بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، لێخۆشبوونی کرێی بەستنی پێوەری ئاو تا ٢١ـی حوزەیران درێژکراوەتەوە.
ژمارەی ھاوبەشانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و سی ھەزار و چوار سەد و ھەشت ھاوبەشە، ھەشت سەد و پەنجا ھەزار و دوو سەد و سی ھاوبەش پێوەری ئاویان بەستووە و بە گشتی تائێستەش ٨٢% پێوەریان بەستووە، ئەمە لە کاتێکدایە ھەر ماڵێک پێوەری ئاو نەبەستێت مانگانە سەد ھەزار دیناری لێ وەردەگیرێت.
ڕۆژانە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن و سەد ھەزار مەتر سێجا ئاو بەرھەم دەھێندرێت. بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوڕۆی ھەرێم، ئەمە بڕێکی زۆرە و ڕێژەکە لە تەواوی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان زیادە، بەڵام نزیکەی ٣٠% لەم بڕە ئاوە بە فیڕۆ دەچێت، ئەمەش وایکردووە ھەندێک کات ھاووڵاتییان دووچاری بێئاوی ببنەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، کرێی بەستنی پێوەر لە سەنتەری پارێزگەکان بۆ بیست ھەزار دینار و لە قەزا، ناحیە و ئەو شوێنانەی کە پێویستە پێوەری لێ ببەسترێت بۆ دە ھەزار دینار داشکێنراوە، فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو، داوا لەو ھاوبەشانەی ئاو دەکەن کە پێوەریان نییە، ھەتا دەرفەت ماوە سەردانیان بکەن و مامەڵەی لێخۆشبوون لە کرێی بەستنی پێوەر بکەن.
ڕۆژی ٢٩ـی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر، ڕایگەیاند، بەفەرمانی وەزارەتی شارەوانی ماوەی لێخۆشبوونی ١٥٪ـی کرێی ھاوبەشانی ئاو، تاوەکو ٢١ـی حوزەیران درێژکرایەوە، بڕیاربوو، ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لێخۆشبوونی کرێی ئاو کۆتایی بێت، بەڵام بە فەرمانی وەزارەتی شارەوانی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە درێژ کرایەوە.
لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕێگەی دانانی پێوەر دەتوانن ڕێگە لە بە فیڕ ۆدانی ئاو بگرن، ھاووڵاتیانیش ناچار بکەن بە گوێرەی پێویست ئاو بەکار بھێنن، بەڵام بەھۆکاری زۆری ھاتنەوەی پارەی بەکارھێنانی ئاو ھاووڵاتییان وەکو پێویست پابەندی پارە دان نەبوونە.
غەفوور سدیق، ھاووڵاتییەکی ئیدارەی سۆرانە، دەڵێت: مانگی ڕابردوو حەفتا ھەزار دینارم بۆ ھاتبووەوە، لە مانگێکدا چۆن ئەوەندە ئاوەم سەرف کردووە، بە تەئکید کێشە لە پێوەرەکەدا ھەیە و سیستەمەکە ھەڵەیە، دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو کێشەیە چارە بکەن.
بەرپرسانی ئاویش لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێن: ئەو کەسانەی کە پارەیان زۆر بۆ ھاتووەتەوە و گومانیان ھەیە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن، کە ئامانجی ئێمە لە بەستنی پێوەر تەنھا کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاوە. ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لێخۆشبوون لە بەشێکی کرێی بەستنی پێوەری ئاو تا ٢١ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران و دەوروبەری، ڕایگەیاند: سیستەمی پێوەری ئاو بە سیستەمێکی سەرکەوتوو دەزانین بۆ نەھێشتنی ئەو زێدەڕۆیانەی دەکرێنە سەر سامانی ئاو، پێوەری ئاو ھاوسەنگی لە دابەشکردنی ئاو دروست دەکات، بەو واتایەی ئەوەی ئاوی زیاتر سەرف بکات، پارەی زیاتری بۆ دێتەوە، لەگەڵ ئەوەی سیستەمی داھاتی حکوومەت ڕێک دەخات.