چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شاندێکی باڵای بازرگانی ئەمه‌ریکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

 

بڕیاروایە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، شاندێکی باڵای بازرگانی ئەمه‌ریکا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ دەمێننەوە.

 ئامانجی شاندەکە گفتوگۆكردنه‌ لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بازرگاکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بارزگانی نێوان ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، بەتایبەت سێکتەری کشتوکاڵ و وەبەرهێنان و هاتنی کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکان بۆ هەرێمی کوردستان.

بەرپرسێکی باڵای ئەمه‌ریکی لە کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا لە هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیامی شاندەکە لە سەردانیکردنیان بۆ هەرێمی کوردستان، بریتییە لەوەی هەرێمی کوردستان شوێنێکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی ئەمه‌ریکی  لە بواری تەکنەلۆژیا و کشتوکاڵ و رەخساندنی دەرفەتی کار.

شاندەکە هەڵسەنگاندنی خۆیان دەکەن دواتر بڕیاری کۆتایی لەوبارەوە دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاتنی ئەو شاندە باڵایە وەک  پشتیوانی ئەمه‌ریکایە بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، کە کابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی کابینەکەدا کاری لەسەرکردووە.

لە بواری وزەشدا، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەماهەنگی بەردەوامدا دەبن بۆ فەراهەمکردنی وزەی نوێ، چەند هەوڵێکیش لە ئارادایە لە نێوان کۆمپانیاکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لە سێکتەری وزەی خۆردا.

شاندەکە سەردانی پاریزگای سلێمانیش دەکەن و لە ماوەی سێ رۆژیشدا کۆمەڵێک دیدار و پانێلی تایبەت ساز دەکەن.