چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ وه‌زيرى ته‌ندروستيى ئوردن كرد

پاشينوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2023/6/12 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز فیراس ئەلهەواری، وەزیری تەندروستيی ‏ئوردن و شاندێکی یاوەرى كرد.‏

له‌ ديدارێكدا كه‌ به‌ڕێزان وه‌زيرانى ته‌ندروستيى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و ‏حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، باس له‌ ڕێكخستنى هه‌فته‌ى ‏ته‌ندروستيى كوردستانى ـ ئوردنى كرا كه‌ ئێستا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و تيشك ‏خرايه‌ سه‌ر باس و بايه‌ته‌كانى.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان وه‌زاره‌تى ‏ته‌ندروستيى ئوردنى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستيى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ‏حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ‏ده‌توانن له‌ هه‌ردوو بوارى پزيشكى و په‌روه‌رده‌ييدا سوود له‌ ئه‌زموونى ‏سه‌ركه‌وتووى ئوردن وه‌ربگرن.‏

بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئوردن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى ‏و هه‌ماهه‌نگيى زياترى بوارى ته‌ندروستى و پزيشكيى نێوانيان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ‏ديداره‌كه‌ بوو.‏