ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فیراس ئەلهەواری وەزیری تەندروستی ئوردن و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.
لە راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، وەزیری تەندروستی ئوردن، سڵاو و رێزی شا عەبدوڵلای دووەم، شای ئوردنی بە مەسرور بارزانی گەیاندووە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هەموو هاریکاری و هەمانگییەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشانداوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا ئاماژەیان بە پەیوەندی مێژوویی و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن دا و، سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاریی و پشتیوانیی بەردوامیی ئوردن و بە تایبەتی شا عەبدوڵلا لە هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە .
لەو دیدارەدا، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بوو لە بواری تەندروستی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی شانشینی ئوردن.