ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
بە پێی ئامارێكی یونیسێف لە ساڵی ٢٠٠٥وە بەلایەنی كەمەوە ١٢٠ هەزار منداڵ بەهۆی شەڕەوە لە چوارقوڕنەی جیهاندا كوژراون یان كەمئەندام بوون، بە تێكڕایی نزیكەی ٢٠ منداڵ لە رۆژێكدا.
رێكخراوی یونیسف لە عێراقدا راپۆرتێكی تایبەتی لەسەر دۆخی منداڵان لە عێراق بڵاو كردووەتەوە و كە ئاماری وردی لەسەر منداڵان لە جیهان بە گشتی و دۆخی منداڵان بە تایبەتی ، نەتەوە یەكگرتووەكان كۆپییەكەی راپۆرتەكەی بۆ (هەولێر) ناردووە و لەسەرەتادا ئاماژە بەوە دراوە كە لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2022 نەتەوە یەكگرتووەكان 315 هەزار پێشێلكاری مەترسیداری سەرسوڕهێنەری دژ بە منداڵانی نێو هەلومەرجی ململانێكانی پشتڕاست كردەوە، ئەمەش بەڵگەیەكی زەقە لەسەر كاریگەرییە وێرانكەرەكانی شەڕ و ململانێ لەسەر منداڵان.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە لە كاتێكدا دەوڵەتان و لایەنە كۆمەكبەخش و مرۆییەكان لە نەرویج كۆ دەبنەوە بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی ئۆسلۆ بۆ پاراستنی منداڵان لە شەڕی چەكداری؛ یونیسێف ڕایگەیاندووە كە، دوای دەستپێكردنەوەی چاودێری لە ساڵی ٢٠٠٥، لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان ٣١٥هەزار پێشێلكاری مەترسیداری لە عێراق پشتڕاست كردووەتەوە كە لایەنەكانی ململانێ ئەنجامیان داون لە زیاتر لە ٣٠ دۆخی ململانێدا لە سەرانسەری ئەفریقا، ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریكای لاتین. بە پێی ئامارەكان زیاتر لە 120هەزار منداڵ كوژراون یان بوونەتە پەككەوتە و بەلایەنی كەمەوە ١٠٥هەزار منداڵ لەلایەن هێزە چەكدارەكان یان گروپە چەكدارەكانەوە وەرگیراون یان بەكار هێنراون و زیاتر لە 32هەزارو500 منداڵ ڕفێنراون و زیاتر لە 16هەزار منداڵ لاقە کراون. هەروەها نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لە ١٦هەزار هێرشی بۆ سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەكان و زیاتر لە ٢٢هەزار حاڵەتی ڕێگریكردن لە دەستڕاگەیشتن بە هاوكاری مرۆیی بۆ منداڵان لە جیهاندا پشتڕاست كردووەتەوە.
سەبارەت بە عێراق راپۆرتەكەی ئاماژەی بەوە داوە كە بۆ عێراق ژمارەكان سەرسووڕهێنەرن، لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٩ هەزار منداڵ كوژراون یان كەمئەندام کەوتوونە؛ سەرەڕای كەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی حاڵەتە ڕاپۆرتكراوەكان لە ساڵانی ڕابردوودا، ژمارەی گشتی بە تێكڕا زیاتر لە یەك منداڵ لە دوو ڕۆژدا دەكوژرێت و یەك منداڵیش ڕۆژانە كەمئەندام دەبێت لە ماوەی ڕاپۆرتكراودا. بەو پێیەی ئەمانە تەنها ئەو حاڵەتانەن كە پشتڕاست كراونەتەوە، پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینەكە زۆر زیاتر بێت.
كاترین ڕوسیل بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یونیسێف دەڵێت: ”هەر شەڕێك لە كۆتاییدا شەڕێكە دژی منداڵان.“ ئاماژەی بەوەشكردووە، ” بەركەوتن بە ململانێ كاریگەری كارەساتباری لەسەر منداڵان دەبێت و ژیانیان دەگۆڕێت. لە كاتێكدا دەزانین پێویستە چی بكرێت بۆ پاراستنی منداڵان لە شەڕدا، بەڵام جیهان وەك پێویست كاری نەكردووە لەم ڕووەوە. ساڵ لە دوای ساڵ نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو ڕێگایە قووڵ و كارەساتبارانە بە دۆكیۆمێنت دەكات كە بە ڕاددەیەكی گەورە مایەی پێشبینین و دەكرێت ژیانی منداڵان بشڵەژێنێت. ئەركی هەموومانە كە دڵنیا بین لەوەی منداڵان باجی شەڕی گەورەكان نادەن، هەروەها ئەو كارە بوێرانە و بەرچاوانە بگرینەبەر كە پێویستن بۆ باشتركردنی پاراستنی هەندێك لەو منداڵانەی لەباری هەرە لاوازیدان لە جیهاندا. “
لەم بەشێكی راپۆرتەكەدا هاتووە كە، یونیسێف پشتگیری لە چاودێری و پاراستنی ملیۆنان منداڵی زیانلێكەوتوو كردووە لە سەرانسەری بارودۆخەكانی ململانێ كردووە بۆ برەودان بە خۆشگوزەرانییان، لە نێویاندا لە ڕێگەی دەستەبەركردنی تەندروستی هزری و پاڵپشتی كۆمەڵایەتی، و بەڕێوەبردنی كەیسی پاراستنی منداڵان، و بەدواداچوون و یەكخستنەوەی خێزان، و خزمەتگوزارییەكان بۆ منداڵانی ڕزگاربووی توندوتیژی جێندەری. لە ساڵی ٢٠٢٢دا یونیسێف گەیشتە نزیكەی ١٢٥٠٠ منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا كە هێزە چەكدارەكان یان گروپە چەكدارەكانیان جێهێشتبوو و پاڵپشتی یەكگرتنەوە یان پاڵپشتی پاراستنی بۆ دەستەبەر كردن، هەروەها زانیاری بۆ زیاتر لە ٩ ملیۆن منداڵ دەستەبەر كرا كە دەتوانن بەكاریبهێنن بۆ پاراستنی خۆیان لە پاشماوەی تەقەمەنییەكانی جەنگ.