پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

٣٨ ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوەدا تێپەڕدەبێت

٣٨ ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوەدا تێپەڕ دەبێت، کە لە ٩-٦-١٩٨٥ لە کاتێکدا خەڵک سەرقاڵی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بوون، ٨ فڕۆکەی جەنگیی ڕژێمی بەعس ئۆردوگاکەیان بۆردومان کرد، ئەوەش بووە ھۆی شەھیدبوونی ١٥٠ ھاووڵاتی و برینداربوونی ٣٧٥ کەسی تر.

سەرجەم قوربانییانی بۆردومانەکە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بوون، بەھۆی ڕازینەبوون بە دەسەڵاتی ئەوسای حکوومەتی عێراق، ئاوارەی خۆرھەڵاتی کوردستان بووبوون. ڕژێمی بەعس لەو ھێرشە ئاسمانییەدا بۆمبی قەدەغەکراوی ناپاڵمی بەکارھێنا. دوای بۆردومانەکە، کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو و سەرۆک بارزانی لە شوێنی بۆردومانەکە ئامادەبوون و ھاوکاریی کەس و کاری شەھیدانیان کرد و لە نەخۆشخانە بریندارەکانیان بەسەرکردەوە.
کۆچەر غەفوور، بریندارێکی بۆردومانی ئۆردوگای زێوەیە، لە ھەمان کاتدا دایک و دوو برا و خوشکێکی لەو بۆردومانەدا شەھید بوونە، دەڵێت: ١٩ی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بوو، قوتابییان بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان ڕوویان لە قوتابخانەکان کرد بوو، ھەر ھەندەمان بینی ئۆردوگاکە بەسەر یەکدا ڕووخا، ئۆردوگاکە بۆ ماوەی ١٥ خولەک لەلایەن ٨ فڕۆکەی‮ ‬جەنگی‮ ‬ڕژێم بۆردومان کرا، دوای‮ ‬بۆردومانەکە بە دوای‮ ‬کەسوکارم گەڕام بۆ ھەر شوێنێک دەچووی، کەسێک شەھید ببوو و ناڵەناڵی بریندارەکان بوو، ‬بە ڕاستی‮ ‬شین و گریان بوو،‮ ‬تەرمی‮ ‬شەھید و بریندارەکان ھەموو تێکەڵ بە ‬یەکتر ببوو.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
کۆچەر، گوتیشی: ‮ ‬خەڵکی‮ ‬گوندەکانی‮ ‬دەوروبەری زێوە‮ ‬ھەڵوێستێکی جوانیان نواند بەرامبەر ئێمە و زۆر ھاوکاری‮ ‬ئێمەیان کرد،‮ ‬چ لە کاتی‮ ‬ڕەوانەکردنی‮ ‬بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە چ لە کاتی‮ ‬بە خاک سپاردنی‮ ‬شەھیدەکان‮. لەو کاتەدا کاک ئیدریسی‮ ‬ھەمیشە زیندوو و‮ ‬سەرۆک بارزانی‮ ‬لە شوێنی‮ ‬بۆردومانەکە ئامادەبوون و ھاوکاریی‮ ‬کەسوکاری‮ ‬شەھیدانیان کرد و‮ ‬بریندارەکانیان لە نەخۆشخانە بەسەرکردەوە.‮ ‬باوکم بە ‮‬سەرۆک بارزانی ‬گوت‮، خێزان و ‬سێ منداڵم شەھید بوونە، ئەگەر خۆم و ھەموو منداڵەکانی دیکەش شەھید بین، ئێوە بۆمان بمێنن بەسە و ھیچمان ناوێت.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ئەو بریندارە داواشی لە حکوومەتی ھەرێم کرد قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان بکەنەوە و بریندارەکان بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن، کە ھێشتا ھەندێک کەس برینەکانیان سارێژ نەبوونە و پێویستیان بە یارمەتی ھەیە، بۆ نموونە من خۆم، پێنج ساچمە لە ناو سەرمدا ماون. ھەروەھا یارمەتی کەسوکاری شەھیدان بدەن بۆ سەردانی گۆڕستانی شەھیدان لە ئۆردوگای زێوە. هەروا مۆنیومێنتێکیش بۆ کارەساتی زێوە دروست بکەن و ئەو کارەساتە بە جینۆساید بناسێنن.
لە دوای تێپەڕبوونی ٣٨ ساڵ، تائێستەش بەشێک لە بریندارانی ئەو کارەساتە پێویستیان بەچارە کردن ھەیە، زۆربەی قوربانیانی ئەو کارەساتە مووچەیان بۆ نەبڕاوەتەوە، لەکاتێکدا پەککەوتەن، بەتایبەت ئافرەتان و منداڵان. زۆربەی شەھیدانی ئەو کارەساتە بە شەھیدی ھاووڵاتی تۆمارکراون و پێویستە بکرێن بە شەھیدی سەنگەر. لە ھەمووشیان گرنگتر پێویستە ھەوڵی جیددی بدرێت تاکو شەھیدانی ئۆردوگای زێوە و کارەساتەکانی دیکە بە جینوساید بناسێندرێن. بەرپرسانی شەھیدان و ئەنفالکراوانیش دەڵێن: پێویستە حکوومەتی عێراق دان بەو کارەساتە بنێت و بە جینۆساید بناسێنرێت.
لە ئەنجامی تاوانی بۆردوومانکردنی ئۆردووگاکە، ١٥٠ ھاووڵاتی بێتاوان شەھید بوون و زیاتر لە ٣٧٥ ھاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون و سەدان خانووی ئۆردوگاکەش لەگەڵ زەویدا تەخت بوون، دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و بەتایبەت دوای ساڵی ٢٠٠٣، دانیشتووانی ئۆردووگای زێوە دەستیان بە گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان کرد، بەڵام ژمارەیەکیان ھەر لەوێ ماون.
دانیشتووانی ئۆردوگای زێوە بیرەوەری خۆشیان لەو کەمپەدا نییە، بەشێکیان دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ نەڕەخساوە. عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و ڕووبەڕوبوونەوەی قەیرانەکانی ئیدارەی سۆران، ڕایگەیاند: نزیکەی ھەزار خێزانی ئاوارە لەم وڵاتەن ماون، ھۆکاری نەگەڕانەوەی زۆربەیان بۆ دروستبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، نەبوونی دەرفەتی کار دەگەڕێتەوە.
گوتیشی: ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشتر پێشکەش بە ئاوارەکان دەکران ئێستە ناکرێن، جگە لەمەش ھاوکارییەکانی ڕێکخراوی UN زۆر ڕێگرە لە ھاتنەوەی ئەم ئاوارانە، پێشتر خەرجی بارھەڵگر و گواستنەوەیان لە ئەستۆی ئەم ڕێکخراوە بوو، بەڵام ئێستە ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ھاوکار نییە، بەگشتی زۆربەی ئەم ئاوارانە شوێنی نیشتەجێبوون و بژێوی ژیان دەکەنە بیانووی نەگەڕانەوەیان.