هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پەرلەمانی عێراق جارێكی دیكە بۆ دەنگدان لەسەر ماددەكانی دیكەی پڕۆژە یاسای بودجە كۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسێیەم دانیشتنیدا دەنگی لەسەر 18 ماددەی نوێی لە بودجە دا، هاوكات دانیشتنەكەی بۆ كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە دواخست.
بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، ئەنجوومەنی نوێنەران لەسێیەم دانیشتنی خۆیدا دەنگی لەسەر ماددەكانی 14، 25، 26، 27، 28، 29، 30، 31، 32 ، 33، 34، 35، 36، 37، 38، 39، 40 و 41ی ڕەشنووسی یاسای بودجە دا.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنەكەی بۆ كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ یەكشەممە دواخست.
ئێوارەی دوێنێ، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبووسی بۆ تەواوكردنی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025، دەستی پێكردو لە كۆی 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، 241یان ئامادەی دانیشتنەكە بوون.
لە میانی دانیشتنەكەدا بە زۆرینەی دەنگ، ماددەی 14ی نێو پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی كە تایبەتە بە پشكی ھەرێمی كوردستان پەسەند كرا.
بەو شێوەیەش هەر سێ ماددەی 12، 13 و 14 كە پەیوەستن بە پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق پەسەندكراون.