هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

كۆمە‌ڵكوژیی(٩ی حوزە‌یران)و ماناكانی!..

د.سالار عوسمان

پێـــش ئەوەی بچینە نێـــو ماناکانی کۆمەڵکوژیی 9 ـی حوزەیران، پێویســـت دەکات کورتەیەک سەبارەت ئەم مەرگەســـات و کۆمەڵکوژییەی شاری سلێمانی بۆ خوێنەرانی هێژا باس بکەین.

بۆ ئەوەی باشـــتریش لەو ڕۆژە ڕەشە مێژووییە بگەین، پێویستە کەمێک بگەڕێینەوە و بزانین ڕووداوەکان چۆن گوزەراون.

دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە ١١ ـی ئەیلوولی ١9٦١ بە ڕێبەرایەتیی مستەفا بارزانـــی، دەنگی ئازادیخوازانەی کورد و شۆڕشـــەکەی، ناحـــەز و نەیارانی تەنگەتاو و ترســـاو و بێزار کردبوو، دواتر و دوای کەمتر لە ســـاڵ و نیوێک و لە ٨ ـی شـــوباتی ١9٦٣ بەعســـییەکان کودەتایان کرد و بەڵێنێکی زۆریان دا، بەڵام لێی پاشگەربوونەوە و دەستیان بە هێرش و شەڕفرۆشی لە دژی کوردستان کرد.

ئـــەم زەمەنەی عێـــراق، کە بە زەمەنی حەرەس قەومییەکان ناســـراوە، زەمەنێکی زۆر تاریکە و یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی ئەم زەمەنەیش، 9 ـی حوزەیرانە.

ڕۆژێک پێشـــتر، واتـــە ڕۆژی ٨ ـی حوزەیرانـــی ١9٦٣، دوای ئـــەوەی ڕژێمی بەعس ســـوپایەکی زۆر کۆدەکاتـــەوە ڕووەو گۆیژە و ئەزمەڕ دەڕوات و هێرش دەکاتە ســـەر پێشمەرگە، بەڵام لەوێ دەشکێن و بە سەرشۆڕیی دەگەڕێنەوە، لە تۆڵەی ئەو شکان و بەزینە، ڕۆژی دواتر، واتە لە 9 ـی حوزەیران بە بڕیاری (زەعیم سەدیق) ـی خوێنڕێژ، کە ئەوکات فەرماندەی لیوا و ببڕ و بکوژی بەعســـیەکان بووە لەو شـــارەدا، فەرمانی قەدەغەی هاتووچۆ، کە بە مەنعەتەجەولەکەی ســـلێمانی ناســـراوە دەردەکات و، ماڵ ماڵ و کۆڵان کۆڵان بە دوای پێشـــمەرگە و ئازادیخـــوازان دەگەڕێن، لەو کاتەدا زوڵم و ستەمێکی ئەوتۆیان کرد، کە دەکرێ ببن بە هەوێنی چەندین فیلم و ڕۆمان، بە بەرچاوی دایک و باوک، بەبەرچاوی مناڵ و ژن، خەڵکی ســـڤیلیان کوشتووە، دواتر نزیکەی ٨4 کەســـیان دەســـگیرکردووە و لە حامیەکە کۆکراونەتەوە و داوایـــان لێکردوون جنێو بە مســـتەفا بارزانی و شـــۆڕش و کورد بدەن، کەچی خەڵکی دڵسۆزی سلێمانی نەک هەر ئامادەنەبوون جنێو بدەن و وشەی نەشیاو بەرانبەر بارزانی و شۆڕش و کورد بەکاربێنن، بەڵکو بە ڕوویاندا وەســـتاونەتەوە و مەردانە مەرگیان هەڵبژادووە نەک زەلیلی، ئەوەبوو لەبەرانبەردا گولـلەباران کران!..

هەر ئەوکات لە یاریگای سلێمانیش، کە بە مەلعەبەکە ناسراوە چوار کەسی تر لەسێدارە دەدرێت و دواتریش لە شارەزوور و هەورامانیش هەر بەو دڕندەییە، خەڵک دەکوژن!.. ئەم کۆمەڵکوژییە و هەڵوێستی خەڵکە دڵسۆزەکە پڕە لە مانا، پڕە لە هەڵوەستە، پڕە لە خوێندنەوە، لێ مخابن تا ئێســـتا وەک پێویست نەخراوەتەڕوو و بەرهەمدار نەکراوە، هەوڵ دەدەین لە ئەڵقەی دواتر هەندێ لە ماناکانی بخەینەڕوو.