چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سبه‌ی یه‌كه‌م كاروانی حاجییانی كوردستان به‌ره‌و سعوودییه‌ به‌رێ ده‌كه‌وێت

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، سبه‌ی (هه‌ینی 9ـی حوزه‌یرانی 2023) یه‌كه‌م كاروانی حاجیانی كوردستان به‌ رێگای وشكایی به‌ره‌و سعوودیه‌ به‌ڕێده‌كه‌وێت و ژماره‌یان 690 حاجییه‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاگادارییه‌كه‌یدا سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌ رێگا‌ی وشكایییه‌وه‌ گه‌شت ده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندی به‌ خاوه‌ن كۆمپانیاكانی حه‌ج و عومڕه‌وه‌‌ بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی و دانه‌بڕان له‌ كاروانه‌كانیان له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیاندا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، كه‌ به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی دانراوه‌، حاجیانی هه‌ولێر و دهۆك به‌ر له‌ كاتژمێر 6:30ـی به‌یانی له‌ ده‌روازه‌ی پردێیه‌وه‌ ده‌چنه‌ ناو كه‌ركووك و حاجیانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیانیش له‌ هه‌مان كاتدا له‌ رێگا‌ی چیمه‌نه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ كه‌ركووك.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا‌ ئاگاداری كه‌سوكاری حاجیان ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ شوێنه‌كانی خۆیان ماڵئاوایی له‌ حاجییه‌كانیان بكه‌ن، روونیشكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگا‌یان پێنادرێت به‌ ئۆتۆمبیلی خۆیان یاوه‌ری كاروانی حاجیان ببن، به‌ڵكو هه‌موو پاسه‌كان به‌یه‌ك كاروان ده‌چنه‌ ناو كه‌ركووك و له‌وێیه‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق به‌ره‌و سعوودیه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌ون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ رۆژی (دووشه‌ممه‌ 12ـی حوزه‌یرانی 2023) یه‌كه‌م كاروانی حاجیان به‌ رێگای ئاسمانی له‌ رێگه‌ی فرۆكه‌خانه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه‌ به‌ره‌و سعوودیه‌ گه‌شت ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگا‌ی تیمێكه‌وه‌ یاوه‌ری حاجیان ده‌بێت به‌ رێگه‌ی وشكایی تاوه‌كو ده‌گه‌نه‌ ده‌روازه‌ی عه‌رعه‌ر و له‌وێش له‌ لایه‌ن نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌وه‌ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ پێشوازیكردن له‌ حاجیان كراوه‌ تاوه‌كو حاجیان به‌ كه‌مترین كات بچنه‌ ناو خاكی سعوودیه‌‌ و هه‌ر له‌ ده‌روازه‌ی سعوودیه‌شه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی تیمێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ پێشوازی له‌ حاجیانی كوردستان ده‌كرێت.