سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

جووتیارانی هەڵەبجە و شارەزوور لە وەرگرتنی رێژەی گەنمی ئەمساڵ نیگەرانن

جوتیارانی ھەڵەبجە و شارەزوور نیگەرانن لەو بڕە گەنمەی لە حکومەتی عێراق دیاریکراوە کە لە سایلۆکان وەربگیرێت،دەڵێن: دڵخۆشبووین بە بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ، بەڵام ئێستا حكوومەتی عێراق ھەموو گەنمەكەمان لێ وەرناگرێت، بەتایبەتی كە جیاوازی دەكات لەنێوان جوتیارانی ھەرێمی كوردستان و شارەكانی دیکەی عێراق.

بەهۆی بارینی رێژەی بارانبارین ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵەکانی رابردوو زیادیکردووە، بڕشتی ئەمساڵی گەنم لە سنووری هەڵەبجە و شارەزوو، 1 بە 30ـە و جووتیاران دەڵین لە ماوەی 30 ساڵی رابردوو پڕشتی گەنم وەکو ئەمساڵ نەبووە، بەڵام نیگەرانن لەو بڕە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بۆیە ئامادە نین گەنمەکانیان بە سایلۆ بدەن، وەکو ناڕەزایی لەبەردەم سایلۆی هەڵەبجە گردبوونەوە و داوا دەکەن بڕی وەرگرتنی گەنم زیاد بکرێت تا جووتیاران زەرەرمەند نەبن.
جووتیارێک بەناوی حەمەخان محەممەد، گوتی: “بەرهەمی گەنمی ئەمساڵمان زۆر باشە، بەڵام رێژەی وەرگرتنی لە سایلۆ کەمە”.
گوتیشی: “ئێمە وەکو جووتیار گیرمان خواردووە، کاتێک بەرهەمەکەمان زۆرە حکومەت لێمان وەرناگرێت، هەندێک ساڵیش بەرهەمەکە کەم دەبێت ئەوکاتیش ئێمە هەر زەرەر دەکەین”.
ئەمساڵ 67 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە گەنم داچێنراوە، بەرهەمی گەنم 30 بۆ 35 هەزار تۆن دەبێت، بەهۆی بارانی باش و نەبوونی نەخۆشی گەنم بۆ هەردۆنمێک زەوی تەنها 170 کیلۆ گەنم لە جووتیار وەردەگیرێت، بەگوێرەی بڕیاری حکومەتی عێراق بەپێچەوانەی ناوچەکانی دەرەوە هەرێمی کوردستان کە بۆ ھەر دۆنمێك یەك تۆن وەردەگرێت لە جووتیاران.