سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پرۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ، پرۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و نەوەستاوە، ئێستا دوای دروستکردنی دوو فیرقە دووفیرقەی تریش دروست دەکرێن.

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و نەوەستاوە و کاری لەسەر دەکرێت و بەشێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەچێت، بەڵام هەندێک کاتی پێویستە، لەبەر ئەوەی دروستکردنی لیوا کاتی دەوێت تا بەتەواوی پێکدێت، تا لە فەوج دەگۆڕێت و دەبێتە لیوا، ئەمە وردەکاری زۆری تێدایە و هاوپەیمانانیش ئاگادارن، بەڵام ئەوەی گرنگە پرۆسەکەیە کە بەردەوامە وهیچ گرفتێکی بۆ دروست نەبووە.
بابەکر زێباری گوتیشی: توانراوە زیاتر لە 20 لیوا دروست بکرێن و کاری زۆر باش ئەنجامدراوە و دوای ئەوەی دوو فیرقە دروست کران ئێستا کار دەکرێت بۆ دروستکردنی دووفیرقەی دیکە و دەبنە چوار فیرقە کە هەر فیرقەی چوار لیوایە وهەر لیوایەک سێ فەوجە و ئەو فیرقانەش لە هێزەکانی یەکەی 70و80 دروست دەکرێن کە ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باشە چونکە بەشێوەیەکی زۆر باش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕێکدەخرێن و جارێکی دیکە مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرێتەوە.
زێباری باسی لەوەشکرد کە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش زۆر هاوکارن و پاڵپشتن بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە رێکبخرێت.