سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پڕۆفیسۆر ( د.فەرهاد عەلی مستەفا):ئەمساڵ كارەكان بەباشی لەبەشەناوخۆییەكان بەڕێوەچوون

دیمانە: هێمن خەلیل

نووسینگەی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاورباری قوتابیان و خوێندنی زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر لەدوو بەڕێوەبەرایەتی بەشەناوخۆیی پێكهاتووە، كە ( كۆمەڵگای بەڕێوەبەرایەتی بەشەناوخۆیی شەهید شەوكەت شێخ یەزدین/كوڕان) ، (كۆمەڵگای بەڕێوەبەرایەتی بەشەناوخۆیی 18ی شوبات/كچان).

بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون دیدارێكمان لەگەڵ (پڕۆفیسۆر د.فەرهاد عەلی مستەفا ) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر بۆ كاروباری قوتابیان و خوێندن كرد.
سەرەتا پڕۆفیسۆر( د.فەرهاد عەلی مستەفا ) لەبارەی نووسینگەی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ گوتی:” نووسینگەی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابیان و خوێندن لەدوو بەڕێوەبەرایەتی پێكهاتووە كە بەڕێوەبەرایەتی (كۆمەڵگای بەشەناوخۆیی شەهید شەوكەت شێخ یەزدین/كوڕان)، بەڕێوەبەرایەتی (كۆمەڵگای بەشەناوخۆیی 18ی شوبات/ كچان)و (هۆبەی خزمەتگوزاری كە كارە خزمەتگوزاریەكان لەخۆ دەگرێت)، نزیكەی (4000) چوار هەزار قوتابی نیشتەجێن لەبەشەناوخۆییەكانی كوڕان و كچان.
تایبەت بە بەشەناوخۆیی كوڕان سەرجەم قوتابیان لەكۆمەڵگای بەشەناوخۆیی شەهید شەوكەت نیشتەجێكراون، واتە هیچ باڵەخانەیەكمان لەدەرەوەی ئەم كۆمەڵگەیە بەكرێ‌ نەگرتووە، بەڵام بەشەناوخۆیی كچان جگە لە كۆمەڵگای 18ی شوبات، شەش باڵەخانەمان هەیە كە قوتابیانی كچ تێدا نیشتەجێن. هەروەها ژمارەیەك بەشەناوخۆیی بۆ قوتابیانی كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە سەربەنووسینگەی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆیە بۆ كاروباری قوتابیان و خوێندن كەژمارەیان حەوت باڵەخانەیە، چوار بەشەناوخۆیی بۆ كچانە، سێ‌ بەشەناوخۆیی بۆ كوڕانە”.
سەبارەت بە خزمەتگوزاریەكان بەقوتابیانی بەشەناوخۆیی، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابیان و خوێندن دەڵێ‌:” لەمساڵدا خزمەتگوزاری باشمان بەقوتابیان گەیاندوە لەوانە(دابین كردنی جلشۆر و سەلاجە)، هەروەها (لە زستاندا گەرمكەرەوە ) و ( لە هاویندا سارد كەرەوەیان هەبووە)،لەگەڵ چەندین خزمەتگوزاری تر و كەشوهەوایەكی لەبار بۆ قوتابیان. ،هەروەها بەشەناوخۆیی كچان جگە لەكۆمەڵگای 18ی شوبات شەش باڵەخانەمان بۆ قوتابیان بەكرێ‌ گرتووە،كە باڵەخانەی شیاون بۆ بەشەناوخۆیی و سەرجەم مەرجەكانی تێدایە بۆ نیشتەجێكردنی قوتابیان. جگە لەخزمەتگوزاری، سەرپەرشتیارو پاسەوان بۆ باڵەخانەكان دانراوە. هەروەها باڵەخانەكان نزیكن لەزانكۆ تا بۆ هاتووچۆكردنی قوتابیان ئاسان بێت، بەهەمان شێوە پێداویستییەكان بۆ قوتابیان دابین كراوە.جگە لەمانە بەشەناوخۆییەكانی كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە، پێداویستییەكانیان بۆ دابین كراوە”.
تایبەت بەشەفت و دەوامی فەرمانبەران پڕۆفیسۆر د.فەرهاد عەلی دەڵێ‌:” دەوامی فەرمانبەرانی تەكنیكی وكارگێڕی بەشێوەیەك دانراوە كە بیست و چوار كاتژمێر فەرمانبەر هەبێت لەبەشەناوخۆییەكان ئەمەش بۆ ئەوەیە تالەنزیكەوە ئاگاداری هەر كێشەو گرفتێك بن كە دێتە پێشەوە و بەزوویی چارەسەری بكەن.
لەدرێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا بۆ ساڵی داهاتوو پلان و بەرنامەی باشترمان هەیە بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەچوونی بەشەناوخۆییەكان. دەمەوێ‌ سوپاسی كارگروپ بكەم كە لەماوەی سی ڕۆژی مانگی ڕەمەزان خواردنی بۆ سەرجەم قوتابیان دروستكرد و جێگای دەستخۆشیە. لەكۆتاییدا هیوای سەركەوتن بۆ قوتابیە ئازیزەكان دەخوازم.