شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی سترانبێژ کاروان حەمید حەلاق، نزیکەی پانزە ساڵە لە وڵاتی هۆڵەندا سەرقاڵی ناساندنی بەرهەمە فۆلکۆرییە کوردییەکانە و تا ئێستا چەندین کۆنسێرتی لەسەر شەقام و ناوەندە هونەرییەکانی ئەو وڵاتە بە جل و بەرگی ڕەسەنی کوردییەوە ساز کردووە، ئێستاش ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی فراوانی گۆرانی لەگەڵ تیپی ئۆرکێسترای ئۆترێخت، کە ماریلا هینتزێن ڕابەرایەتی ئۆرکێستراکە دەکات و بڕیاریشە ڕۆژی سێشەممە ٦ـی حوزەیران کۆنسێرتەکە ساز بکرێت، کە چەند گۆرانیەکی فۆلکۆری لەخۆ دەگرێت، کاروان بە خۆی شمشاڵەکەی دەستی ئاوازەکانی دەهۆنیتەوە.
لە بارەی سازدانی ئەو کۆنسێرتە هونەرییەش کە بەبۆنەی ڕۆژی منداڵانەی جیهانەوە لە ناوەندی نیوگن لە ئۆترێخت ساز دەکرێت لە لێدوانێکیش بۆ (هەولێر) گوتی: پڕۆژە هونەرییەکەم، کۆنسێرتێکی فراوان دەبێت و یەکەم کاری منە لەگەڵ ئۆرکێسترای ئەو شاره، کە مایسترۆی ناسراوی هۆڵەندی ماریلا هینتزێن ڕابەرایەتی ئەو ئۆرکێسترایە جیهانیە دەکات و مێژووێکی پڕشنگداری هەیە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵ و کارە هونەرییە ڕۆژئاواییەکان، منیش بە گۆرانی و زەماوەند و هەڵپەڕکێ ڕەسەن کوردییەکان ڕۆژێکی مێژوویی بۆ نەتەوەکەم تۆمار دەکەم، کە بچووکترین خزمەتە بە هونەرە ڕەسەنەکەی خۆمان.
گوتیشی: بە گۆرانیی ‘ئەی بێنن بێنن’ و ‘چاوت جوانە لەیلا’ و چەند بەرهەمێکی دیکەی گۆرانی هەمووان دێنمە جۆش و خرۆش.