دوای بڕیارەکەی دادگا بۆ سزادانی شەش تاوانباری شەهیدکردنی هاوکار جاف، ئەمڕۆ خانەوادەی شەهید هاوکار جاف، سەردانی پارێزگاری هەولێریان کرد و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دادگا و هێزە ئەمنییەکانی هەولێریان کرد، لە بەرامبەر لێکۆڵینەوە و سزادانی شەش تاوانباری شەهیدکردنی کوڕەکەیان.
بەگوێرەی راگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 5/6/2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، له دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە خانەوادەى شه‌هید عەقید هاوكار جاف کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە دیدارەکەدا خانەوادەى شەهید، سوپاسى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەوڵ و كۆششی ده‌زگا ئەمنیەکانیان کرد لە لێکۆڵینەوە و ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك لە تاوانباران کە ده‌ستیان له شەهیدکردنى عەقید هاوكار جاف هه‌بوو، هەروەها دووپاتیانکردەوە کە “کەیسەکەمان کەیسێکى یاساییە و لە رێگەى دادگا یەکلایی دەکرێتەوە”.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “پارێزگاری هه‌ولێر، وێڕای دووباره سەرخۆشى و دڵنه‌وایی کەس و کارەکەى، جه‌ختی لەوە كرده‌وه داموده‌زگا ئهمنییەکانى هه‌رێمی كوردستان به گشتیی و هه‌ولێرى پایتەخت به‌تایبه‌تی ئه‌رك و پیشه‌ی سه‌ره‌كیان پاراستنی سه‌رو ماڵی هاووڵاتییانه. خانەوادەى شه‌هید دووبارە سوپاسی حكومه‌تى هەرێم و پارێزگاى هەولێر و تەواوى داموده‌زگا ئەمنییەکانیان كرد، لە بەدواداچوون و دەستگیرکردنى بەشێک لە تۆمەتباران لە زووترین کات و هەروەها سوپاسى دادگای كه‌تنی هه‌ولێریان کرد، بۆ یەکلایی کردنەوە كه‌یسی شه‌هید كردنی عه‌قید هاوكار جاف”.
رۆژی 7/10/2022، لە رێگەی بۆمبێکی لکێنراو، عەقید هاوکار جاف ئەفسەر لە هێزەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردسیان لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر کرایە ئامانج و شەهید کرا،و چەند کەسێکی خێزانەکەشی برینداربوون. لە 4ی حوزەیرانی 2023 دادگا سزای لە سێدارەدانی بۆ شەش تاوانباری شەهیدکردنی دەرکرد، برایەکی شەهید هاوکار جاف دەڵێ: هێشتا دوو کەیسی دوو تۆمەتباری دیکەش ماوە و لە دادگا یەکلایی نەبووەتەوە.