سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی سوید: پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا بکرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوید لە عێراق کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سوید کرد.

سەبارەت بە پەیوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، مەسرور بارزانی و باڵیۆزی سوید لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە گرنگیی و پێویستی رێزگرتن لە رێککەوتننەکانی نێوان هەردوولا و دابینکردنی ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئاماژە بەوەشدرا، لە تەوەرێکی دیکەدا، گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان كرد.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆبووەوەنەیدا دووپاتی کردەوە، پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا بکرێت.

لە راگەیێندراوکەدا هاتووە: جێسیکا سڤاردسترۆم ئاماژەی بەوە دا کە سەڕەڕای گرفت و ئاستەنگەکان، بەڵام خۆشبەختانە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و هەولێر بەتایبەتی بەردەوامە.

هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆبووەنەوەکە تایبەت بوو بە باشترکردنی دۆخی ئافرەتانی کوردستان و گرنگی رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتان لە کایە جۆراوجۆرەکاندا.