پارێزگاری دهۆک داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات گرنگی زیاتر بە ژینگە بدەن و رایدەگەیەنێت، ئەگەر هاووڵاتییان ژینگەیان پاراست، ژیانی مرۆڤایەتیش دەپارێزرێت، بەڵام ئەگەر ژینگەی ئەم هەسارەیە تێکچوو، مرۆڤ ناتوانێت بژیت.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی حوزەیرانی 2023، کۆنفرانسی پەرەپێدانی ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو. لەوبارەوە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە گوتارێکدا رایگەیاند، پیسبوونی ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا پرسێکی جیهانی زۆر گرنگە و پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی گرنگییەکی زیاتر بەو بابەتە بدرێت و کاری جیددی لەسەر بکرێت.
عەلی تەتەر گوتی، “بۆ ئەوەی هەموومان پارێزگاری لە تەندروستیی خۆمان بکەین و تووشی نەخۆشییەکان نەبین، پێویستە گرنگی بە پاراستی ژینگە بدەین. نەک تەنها ئەرکی حکومەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان نییە ژینگە بپارێزێت، بەڵکوو ئەرکی هەموو تاکێکی ئەم وڵاتەیە ئەو کارە بکات”.
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، ژینگە تەنها ئەو شتانە بەخۆوە ناگرێت کە ڕەگیان هەیە، بەڵکو سیستەمێکی تەواوکەرە و هەموو ئەو شتە زیندوو و نازیندوواونە بەخۆوە دەگرێت کە پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکدی هەیە و تەواوکەری یەکترن. گوتیشی، “ئێمە زۆر جار کەمتەرخەمین لەبەرامبەر هەندێک پرس، کەچی کاریگەریی گەورەیان لەسەر هەندێک بابەت هەیە”.