ئێران دەخوازێ بە زیاترکردنی دەروازە بازرگانییەکان، پەرە بە هەناردەی کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان بدات و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە وێڕای کردنەوەی چەند دەروازەیەکی نوێی بازرگانی بە تایبەتی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، ڕێکارەکانی گواستنەوەی کاڵا و شتومەک خێراتر بکرێن.
هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو چەند دەروازە گرنگە بازرگانییە نێودەوڵەتییانەی لەگەڵ ئێران‌دا هەیەتی بەڕێگەی سەرەکیی گواستنەوەی زۆربەی بەرهەمەکانی ئێران بۆ عێراق هەژمار دەکرێ، کە بەشێکی بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگوازرێنەوە و بەشێکی تری لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەکار دێت.
دواین ئامارەکانی ئەو وڵاتە دەری دەخات کە ٥%ی کۆی قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی جیهان، بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستانە و ئەگەر کۆی عێراقیش لەبەرچاو بگیرێت ئەوا ڕێژەکە زۆر زیاتر دەکات. ساڵی ڕابردوو، ئێران تەنیا لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بە بەهای یەک ملیار دۆلار شتی هەناردە کردووە و ئەمەش زیاترە لە هەناردەی ئێران بۆ ٢٧ وڵاتی یەکێتی ئەوروپا.
محه‌مه‌د ڕه‌زوانیفه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە میدیای فەرمی حکوومەتی ئێرانی گوتووە، پشكی هه‌رێمی كوردستان له هه‌نارده‌ی ئه‌و وڵاته بۆ عێراق له ٢٢%ەوە بۆ ٢٨% زیادی كردووه، هۆكاره‌كه‌شی بۆ زیاتر ئاسانكاری له گواستنه‌وه‌ی كاڵا و شتومه‌ك له ده‌روازه بازرگانییه‌كان گه‌ڕانده‌وه.
ئەو پێنجشەممەی ڕابردوو له میانه‌ی یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی پارێزگارانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان كه له ورمێ به‌ڕێوه‌چوو، ئاماره‌كه‌ی خسته ڕوو و گوتی: هۆی زیادكردنی هه‌نارده بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئەوەیە کە گواستنه‌وه‌ی كاڵا له ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران بووه‌ته ٢٤ سه‌عاته.
پێویستە بگوترێ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگارەکان و بەڕێوەبەری ئیدارە سەربەخۆکان پێکهاتبوون بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ پارێزگارانی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرپرسانی باڵای گومرگی و وەزیری ناوخۆی ئێران تاوتوێی دواین پێوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان کرد و پێداگری لە پەرەسەندنی زیاتری پێوەندییە بازرگانییەکان لە نێوان هەر دوو لادا کرا.
یەکێک لەو داواکارییانەی کە لەو گەشتەدا لە لایەن وەزیری ناوخۆی ئێرانەوە رەزامەندی لەسەر درا ئەوە بوو دوو دەروازەی نوێی بازرگانی لە نێوان پارێزگای ورمێ و پارێزگای هەولێر دەکرێنەوە کە بریتین لە دەروازەی کێلەشین لە نزیک سیدەکان کە پارێزگاکە بە شنۆ گرێ دەدات و دووەم دەروازەش قاسمەڕەشە کە لە سنووری هەمان پارێزگا دەکرێتەوە.
پێشتر ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر هەر لە دەستپێکی کۆبوونەوەکانی ورمێ، داوای له وه‌زیری ناوخۆی ئێران كردبوو پاڵپشت بێ بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی “سیده‌كان، كێله‌شین، شنۆ”. چونکە ئه‌م ده‌روازه‌یه جگه له‌وه‌ی سوودی زۆری ده‌بێت بۆ دانیشتووانی ناوچه‌كه، له هه‌مان كاتدا ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌كی تری گرنگی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەو باسی لەوەش کردبوو لای خۆیان، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌یان كردووه و ئاماده‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه و ده‌خوازن كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش له‌م ڕووه‌وه هه‌نگاو بنێت.
بەگشتی، عێراق دووه‌م ئامانجی سه‌ره‌كیی هه‌نارده‌ی ئێرانه و ساڵانه به به‌های زیاتر دە ملیار دۆلار شتومەکی بۆ هەناردە دەکرێ و بەشی زۆری ئەو کاڵا و شتومەکانەش هەر لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕن.
جگە لە پێوەندیی بازرگانی، ئەو وڵاتە ماوەیەکە لە رووی پێوەندی گەشتیاریش حەزی کردووە کارئاسانی بۆ گەشتیاران لە هەر دوو لایەن بکرێت.
ساڵی ڕابردوو بۆیەکەم جار لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە خەڵکێکی زۆری زیارەتکاری شیعە هاتنە هەرێمی کوردستان و لێرەوە بەرەو نەجەف و کەربەلا بەرێ کەوتن و بەشدارییان لە بۆنە ئایینییەکان کرد، ئەمساڵیش ئەو وڵاتە داوای کردووە بە تایبەتی پارێزگای هەولێر هەمان ڕۆڵ بگێڕێت و کارئاسانی بۆ زیارەتکاران بکات.
هاتنی گەشتیارێکی زۆر لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەتوانێت کاریگەری هەبێ لەسەر بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزار و لەوانەیە زۆربەی گەشتیاران بەر لە چوونیان بۆ کەربەلا و نەجەف بخوازن لە هەرێمی کوردستانیش بمێننەوە و چێژ لە ناوچە گەشتیارییەکانی وەربگرن .