مەزهەر کەریم – سلێمانی
ئەبوو كاروان، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی كوردستان، دەڵێت: وتەكانی سەرۆك بارزانی بەوپەڕی بایەخەوە سەیر دەكەین. وتیشی: چاوەڕیی كۆبونەوەی سەرجەم حیزب و لایەنەكانین بەسەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی.
- حیزبی شیوعی خۆی ئامادەكردوە بۆ هەڵبژاردن ؟
- ماوەی ساڵێك زیاتر دەبێت ئامادەكاریی تەواومان كردووە بۆ هەڵبژاردن، بەرنامەی كاری هەڵبژاردنمان داناوە، هەموو ئەگەرەكانی هەڵبژاردنمان لێكداوەتەوە و گفتوگۆمان لەسەر هەڵبژاردن كردووە و ئامادەین بۆ هەڵبژاردن لەهەر دەقە و سەعاتێكدا بێت.
- ئێوە وەك حزبی شیوعی ئارەزوو دەكەن هەڵبژاردن بە چ سیستمێک بکرێت؟
- وەك هاوڕێیانمان لە حزبی شیوعی تەكیدمان لەوە كردۆتەوە و ئارەزوو دەكەین هەڵبژاردن یەك بازنەیی بێت، بەڵام ئەگەر چوار بازنەیش بێت كە وەك باس كراوە، ئەوكات بەرنامەی خۆمان دەبێت.
- کاتی ئەوە نییە بە گرنگەوە لەو داواکارییانە بڕوانرێت کە داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکرێت؟
- قسەكانی پلاسخارت جۆرێكە لە ئامۆژگاری و ئاگاداركردنەوە و جۆرێكە لە ناڕەزایەتیەتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، هەر پلاسخارت نییە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاواری لێ هەڵساوە، کە چیتر هەڵبژاردن دوانەخرێت لە كاتی خۆیدا بكرێت.
- بۆچی بەشێك لە حیزبەكان مەترسی دواخستنی هەڵبژاردن لە سەر هەرێم لەبەرچاو ناگرن و بە كردار لەگەڵ هەڵبژاردن نین ؟
- ئێمە قسەمان لەسەر ئەوەیە چیتر هەڵبژاردن دوانەخرێت، بەدڵنیایەوە دواخستنی هەڵبژاردن لەلایەن هەر حیزب و لایەنێكەوە بێت كارێكی خراپە و ئەنجامی خراپی دەبێت، كاریگەریی خراپی لەسەر هەرێمەكەمان دەبێت.
- بەبڕوای ئێوە هەڵبژاردن نەكرێت دۆستەكانی گەلی كورد هەڵوێستیان چی دەبێت ؟
- بێگومان هەڵبژاردن نەكەین و بەگوێی دۆستەكانمان نەكەین زیانی گەورەمان بەردەكەوێت، هەرچەندە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نایەوێت ئێمە سیستەمی دیموكراسی پێشێل بكەین.
- ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت، ئەو كات پێگەی سیاسیی هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت ؟
-دەبێت هەڵبژاردن بكەین و تەجروبەی ڕابردوو بارودۆخی ناوخۆ لەبەرچاو بگرین و بترسین و خۆمان ئامادەكەین بۆ هەر گوشارێك، چونكە ئەو دەوڵەتانەی ئێستا خاوەن بڕیارن لە جیهاندا بەپێی بەرژوەندیی خۆیان كاردەكەن دەبێت ئەوە لەبیرنەكەین. - وەك حزبی شیووعی شیكردنەوەتان بۆ وتەكانی سەرۆك بارزانی چییە کە لەیادگەی نیشتمانی بارزانی پێشكەشی كرد ؟
- سەرۆك بارزانی بەپەرۆشە بۆ كوردستان، ئەوانەشی بەپەرۆشن بۆ كوردستان هەر ئەو داوایەی سەرۆك بارزانیان هەیە، حیزبەكان پێكەوە كۆببنەوە و دوربكەونەوە لەبەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی.
وتەكانی سەرۆك بارزانی بەوپەڕی بایەخەوە دەبینین، بەڕێزیان بەرپرسیارێتی گەورەی مێژووییان لە سەر شانە چاوەڕیی زیاتر لە سەرۆك بارزانی دەكەین وەك كۆبونەوەی سەرجەمی لایەنەكان و موبادەرەی سیاسی لەلایەن پارتی دیموکراتی كوردستانەوە بۆ سەرجەم حیزب و لایەنەكانی دیكە، چونكە پارتی حیزبی یەكەمە لە كوردستان.