سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بەھۆی بڕیارەکەیدادگەی فیدراڵی، دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان نەماوە

ڕائیب جادر – هەولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر و ئێستەش بە ئاشکرا بە لایەنەکانی ڕاگەیاندووە ئامادەن بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان بۆ ئەوە ئامادە نەبوونە. دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی لەسەر نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پارتی جەخت لە ھەڵبژاردن دەکاتەوە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: دەستبەرداری پەرلەمان نابین و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ کردنی ھەڵبژاردن لە داھاتوویەکی نزیکدا.

ڕۆژی سێشەممە، ٣٠-٥-٢٠٢٣، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
ڕۆژی ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم ڕۆژی ٦-١١-٢٠٢٢ کۆتایی ھات.
زۆربەی حیزب و لایەنەکان، دەڵێن: باشترین شت ئەوەیە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ھیچ دەریچەیەکی یاسایی نییە،‌ دەبێ بە ‌یاسا کۆنەکە ھەڵبژاردن بکرێت؛ یاساکەی پێشوو بازنەیی نیمچەکراوە و کورسیی کۆتاکان وەک خۆیان دەمێننەوە و دەنگیان لە چوارچێوەی یەک بازنە لە ‌ئاستی کوردستان پێ دەدرێت.
کاتێک باسی ھەڵبژاردن دەکرێت ھەموو لایەنەکان دەڵێن، ئامادەین و نابێت ھەڵبژاردن دوا بکەوێت، بەڵام دانانی مەرج بۆ ئەوی ھەڵبژاردن بە چ شێوازێک بکرێت گرفتی بۆ میکانیزم و کردنی ھەڵبژاردن دروست کردووە. پارتی پێشتر و ئێستەش بەڕوونی ڕایگەیاندووە ئامادەیی ھەڵبژاردنن و داوا دەکەن ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان داواش دەکات حکوومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ھەنگاوی پێویست بھاوێژن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و دووپاتی دەکاتەوە ئەوەی بۆ پارتیمان گرنگە کردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.
محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: باشترین چەک بۆ ئێستەی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە داوا دەکەم لایەنەکان لە گوڵەخانە بێت، یاخود لە پەرلەمانی کوردستان، کۆ ببنەوە.

محەممەدی حاجی مەحموود، ڕایگەیاند: زۆربەی لایەنە سیاسییەکان نایانەوێ ھەڵبژاردن بکرێت، بەپێی دەستوور، دەسەڵاتی پەرلەمان دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی ھەرێم نەوەک دادگەیەکی عێراقی، بە پێویستی دەزانم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نۆ دادوەر لە کۆمیسیۆن دابنێت بۆ سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردن.

دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: بەر لە بڕیاری دادگە، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش چەندین جار، ھۆشدارییاندا کە دەبێت ناکۆکییەکان وەلا بنرێن و بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان بخرێتە پێشەوەی ھەموو ناکۆکییەکان، لە دوو ساڵی ڕابردوو ھەوڵێکی زۆر درا و چەندین کۆبوونەوە و پەیوەندیی فەرمی و تاکەکەسی و سەرجەم کەناڵە بەردەستەکان خرانەگەڕ بۆ ئەوەی تووشی ئەم ڕۆژە نەبین، ھەر ئەوکاتیش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە ڕوونی ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوە نییە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژبکرێتەوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، بەناوی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات، لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، چونکە ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویدا زیانی بە ھەموومان گەیاند.
دڵشاد شەھاب، گوتیشی: سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ھەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ئامادەکاری بکرێت و ھەڵبژاردن بکرێت.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد: ئێستە بەھۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە ھەرێمی کوردستان نەماوە و درێژەکێشانی ئەو دۆخەش ڕەنگدانەوەی لەسەر دەسەڵاتەکانی دیکەش دەبێت، بۆیە دەستبەرداری پەرلەمانی کوردستان نابین و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین لە داھاتوویەکی نزیکدا ھەڵبژاردن بکرێت و خولی شەشەمی پەرلەمان دەستبەکار ببێت.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەداین ھەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و دوا نەخرێت، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەماوەی ڕابردووش بژاردەیەکی ناچاری بوو، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە، بەڵام ئێدی دەبێت ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و چی دیکە دوا نەخرێت، مافی ھاووڵاتییانیشە کە بەشدار بن لە پرۆسەکە و نابێت ئەو مافە لە ھاووڵاتییان وەربگیرێتەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام لەسەر خەتە، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، چونکە دواخستنی پرۆسەکە دەبێتە ھۆی لە کەدارکردنی ناوبانگی ھەرێمی کوردستان.

د. وەعدی مزووری، ڕاوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کورستان، دەڵێت: بەپێی یاسای ژمارە یەکی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دەرچووە، ھەر کاتێک دەزگاکانی ھەرێمی کوردستان تووشی حاڵەتێکی مەترسیدار بوون، ئەوکات سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بڕیاری تەشریعی دەربکات بەپێی ئەو ھێزە یاساییەی ھەیەتی، بەڵام تێیدا ھاتووە دەرکردنی ئەو بڕیارانە بە ھەماھەنگی لە نێوان سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، ئێستە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش لەکار کەوتووە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بڕیاری پێویست دەربکات، ئێستە بۆشایی دەستووری پەیدا بووە و نابێت ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر لە بۆشایی دەستووریدا بێت، بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستانیش لە ماوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا بووە و کاری پێ ناکرێت.
د. وەعدی مزووری، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەگەر بێت و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق توانای بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستانی نەبێت، ئەوە سەرۆکایەتیی ھەرێم بەپێی بڕگەی پێنجی ماددەی ١٠ی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، دەتوانێت بە بڕیارێک کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان کارا بکاتەوە و دەستبەکار ببێت و پرۆسەی ھەڵبژاردن بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ بەڕێوە ببات.