شێرکۆ حەبیب_ لە قاهیرەوە دەینووسێ
وڵاتی میسر، یەکێکە لەو وڵاتانەی ژمارەی دانشتووانی زیاتر لە سەد ملیۆن هاووڵاتییە.بێگومان ئەو ژمارە زۆرەش وادەکات جیاوازی لە نێوانیان بەدی بکرێت و دابەش بکرێت بۆ چەندین چینی جیاواز لەڕووی ئابووری و دارایی. بۆ نموونە، چینی ملیۆنێر و چینی هەژار بەهەمان شێوە لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و هتد، جیاوازی زۆر بەدی دەکرێت لە نێوان ئەو چین و توێژەی پێکهاتی ئەو وڵاتە، بەڵام ئەوەی جیاواز نییە لە نێوانیان و هەموویان لەسەری کۆکن بێ جیاوازی، خۆشەویستی میسرە و ئینتما بوون بۆ وڵاتە لە دوای خوای مەزن و دڵۆڤان ولاتەکەیان پیرۆز و مقەدەسە و بەهیچ شێوازێک قبووڵ ناکەن وڵاتەکەیان بکەوێتە بەر تانە و تەشهیر. لای ئەوان دەسەڵات و نیشتمان جیاوازە، نیشتمانەکەیان نابەستنەوە بە دەسەڵات، دوو بابەتی جیاوازە تەنانەت ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بیت و هاوڕا نەبی لەگەڵ دەسەڵات، بەڵام ھەر بەرگری لە نیشتمانەکەی دەکات.
ئەمە وای کردووە هاووڵاتی میسری هەر لە منداڵیەوە هەست بە بوونی کیانی نیشتمانەکەی بکات و ئینتمای بۆ وڵاتەکەی لە ناخی جێگیر بێت و ولاتەکەی خۆش بوێت و بەرگری لێ بکات، سەرەڕای ئەوەی وڵاتی میسر لە زۆر پێکهاتە غەیرە عەرەب پێکهاتووە کە سەدان ساڵە لەو وڵاتە دەژین و بوون بە هاووڵاتی میسری چ لە رووی نەتەوەیی یا ئاینی.
گرنگە هاووڵاتی ئینتمای بۆ خاک و نیشتمانەکەی هەبێ و جیاوازی بکات لە نێوان دەسەڵات و وڵات. دەبێ ئەوە بزانن دەسەڵات کاتییە و ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بیت یا دەسەڵات بی یا دژی ئەو حزب ئەم حزب بی، نابێ دژایەتی نیشتمان و وڵات بکەی یا لە دژی دەسەڵات کە بە هەڵبژاردن جلەوی حوکمرانی لە دەست دایە دژایەتی نیشتمان بکەی و خاک هەراج بکەی و بۆ دوژمن سەردانەوێنی.
لێرەدا رۆڵی ڕاگەیاندن و قوتابخانە و مامۆستای ئاینی گرنگە بۆ بایەخدان بە ئینتمای نیشتمانی و جیاوازی نێوان دەسەڵات و نتشتمان و پەروردەکردنی تاکی کۆمەڵگا لەسەر ئەو ئەرکە ئاینی و نیشتمانییە، تا وڵاتەکەمان بپارێزین و یەک هەڵوێست لە بەرامبەر نەیاران هاوڕابین.