سلێمان تاشان – ههولێر
بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت و بۆیەش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە بەڕێوە ببات هەر چەندە هەندێک ئەندام داوایان کردووە هەڵبژاردنەکە لە مانگی تشرینی دووەمەوە بۆ مانگی کانوونی یەکەم دوا بخرێت. ئەوە یەکلایی بووەتەوە هەڵبژاردنەکە هەر لەمساڵدا دەکرێ بەڵام هێشتا ئاسۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵیی، ناڕوونە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وێڕای دەربڕینی ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان باسی لەوە کردووە کە بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە ٢٥٠٠٠٠ فەرمانبەر هەیە. عیماد جەمیل یەکێک لە ئەندامانی کۆمسیۆنەکە بە میدیاکانی گوتووە تا ئەم ساتە ١٥٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ دینار دراوەتە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی زانیارییەکانی پێوەندیدار بە دەنگدەران و چاپ و دابەشکردنی کارتی دەنگدان رێک بخات.
ئەو هەروەها روونی کردووەتەوە بۆ دابینکردنی خەرجیی فەرمانبەرانی کە دەگاتە ٢٥٠٠٠٠ کەس پێویستی بە ٥٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ دینار وەک پاداشت و ٦٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ وەک دابینکردنی مووچە هەیە. جگە لەمە کۆمسیۆنەکە بۆ نوێکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان و چاپکردنی پۆستەر و فۆرم و پێداویستی تر پێویستی بە بڕە بودجەیەکی تر هەیە.
لە لایەکی ترەوە حەسەن زیاد، یەکێکی تر لە ئەندامانی هاوپەیمانی هێزەکانی دیموکرات بۆ گۆڕان بە میدیا عەرەبییەکانی ڕاگەیاندووە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێویستی بە ٤٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ دینار هەیە کە دەبوایە هەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە دابین کرابا و پەسندنەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و دواخرانی لەوانەیە ببێتە هۆی دواخستنی زیاتری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
وەک ئاشکرایە مانگی حوزەیرانیش دەستی پێ کرد بەڵام نەتوانراوە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسند بکرێت و لایەنە سیاسییەکان داوایان کردووە هەرچی زووە کەم و کورتییەکانی پڕۆژەکە چاک بکرێن و بخرێتە دەنگدانەوە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتی یاسایی بە ٢٦٨ حزبی سیاسی داوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەدا بەشداری بکەن و پێشبینی دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا ١١ حزبی تر ناویان بچێتە نێو لیستەکە و ژمارەکە بۆ ٢٧٩ حزب بەرز ببێتەوە. پێشتر پەرلەمانی عێراق شەشی مانگی تشرینی دووەمی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن دیاری کردووە بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن خوازیاری ئەوەیە هەڵبژاردن بۆ مانگی کانوونی یەکەم دوا بخرێت و یەکێک لە ئەندامانی کۆمسیۆنەکەش پێشبینی کردووە هەڵبژاردنەکە بۆ ٢٠ی کانوونی یەکەم دوا بخرێت.
هەڵبژاردن بڕیارە تەنیا لە پارێزگاکانی عێراق و کەرکووک بەڕێوە بچێت و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. هەڵبژاردنەکە لە کاتێکدایە کە ئەگەری زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش بەو کۆمسیۆنە بسپێردرێت چونکە هەفتەی ڕابردوو دادگای باڵای فیدراڵی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستانی بە نایاسایی ناساند و ئەگەر کاریش بەم بڕیارە بکرێت ئەوا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ناتوانێت هەڵبژاردنەکە بەڕێوە ببات.
بۆ ئەو مەبەستە هەفتەی رابردوو لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن کۆبووەوە و کۆمیسیۆنەکە رایگەیاند کە ناتوانێت هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەک کاتدا بەڕێوە ببات.
بەگوێرەی ڕاگەیاندنی مەرسوومی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێ لە ١٨ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵیش تا ئێستا حکوومەت و هیچ دامەزراوەیەکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق نەکردووە هەڵبژاردنی کوردستانیش بەڕێوە ببات.
تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراقیش هێندەی نەماوە و لە سەرەتای ساڵی داهاتوو کۆتایی پێ دێت بۆیە گرنگە هەر لەم ساڵدا هەر دوو هەڵبژاردن بەڕێوە بچن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش لە بۆشایی یاساییدا رزگاری ببێت.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێ کە بەرپرسیارێتییەکی قورس لەبەردەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە چونکە جگە لە خەمی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێ خەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیشیان بێ چونکە لەوەتەی عێراقی فیدراڵی دامەزراوە تەنیا یەک هەڵبژاردن لە کەرکووک بەڕێوە چووە.