شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

هەڵبژاردنی شارەوانییەكان كارتێكی گەورەیە بەدەست كوردەوە ماوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

دوای ئەوەی، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیادا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، توانی بەسەر كەمال كلیچدارئۆغڵودا سەركەوێت، گفتوگۆی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی (میللەت) دەستی پێكردووە، ترسەكەش تەنیا جیابوونەوەی پارتی خاسە.

ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بە هەموو هێزێكی خۆیەوە چووە ناو هەڵبژاردنی ١٤ـی ئایار، بەڵام جگە لەوەی نەیانتوانی زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنن، نەیانتوانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش ببەنەوە، ئەمەش دەرگای گفتوگۆی بەڕووی شرۆڤەكاراندا كردەوە، بەوەی باس لە هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی (میللەت) بكەن.
لە 2024 و دوای نۆ مانگی تر، توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، ئەوەی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان گرنگە، بتوانێت شارەوانییە گەورەكانی (ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، ئەدەنا، مێرسین، ئەنتاڵیا) لە دەستی ئۆپۆزسیۆن دەربهێنێت، ئەمەش تەنیا بەوە دەكرێت، هاوپەیمانیی (میللەت) هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە ستراتیژییەتی ئەردۆغان دوای ئەو سەركەوتنە گەورەیەی بەدەستی هێنا، تێكدانی ئەو هاوپەیمانییەیە.
ئەردۆغان بردییەوە، بەڵام بردنەوەی تەواوكاری هەیە، ئەویش بەدەستهێنانەوەی شارەوانی شارە گەورەكانە، چونكە زۆربەی شارەوانی شارە گەورەكان لەدەستی ئۆپۆزسیۆنە، تەنانەت لە هەڵبژاردنی ١٤ـی ئایاریشدا، ئەردۆغان لەو شارە گەورانە دۆڕا وەكو (ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، مێرسین، ئەدەنا، ئامەد، ئەنتاڵیا).
دوای ئەوەی لە گەڕی دووەمدا كلیچدارئۆغڵو دۆڕا، مەراڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، کە لێیان پرسی ئایا هاوپەیمانیی (میللەت) بەردەوام دەبێت؟ لە وەڵامدا گوتی ”جارێ زووە باس لەوە بكەین“
ئەم وەڵامەی ئاكشەنەر پێمان دەڵێت، ئەو نیگەرانە و نیگەرانییەكەشی لەو كاتەوە سەری هەڵدا، كە پێی باش نەبوو، كلیچدارئۆغڵو ببێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئاگری ئەو نیگەرانییە هەر دڵی دەسووتێنێت.
ئەردۆغان، تەنیا بە دوو رێگە دەتوانێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا لە شارە گەورەكاندا سەركەوتوو بێت، یەكەم هاوپەیمانیی (میللەت) تێك بدات و پارتی خاسیان لێ جیا بكاتەوە، دووەم راكێشانی هەدەپەیە بۆ لای خۆی و بە چەند بەڵێنێك وایان لێ بكات، هەر هیچ نەبێت، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبۆڵ، بەربژێری خۆیان هەبێت و پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نەكەن.
وەكوو بیرهێنانەوە، شارەوانی ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، مێرسین، ئەدەنا، ئەنتاڵیا، بەهۆی پشتگیری هەدەپە لە بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت، توانی ئەو سەرۆك شارەوانییانە لە ئاكەپە وەربگیرێتەوە، بۆیە ئەگەر هەدەپە، لەو پشتگیرییەی پاشگەز ببێتەوە، شانسی بردنەوەی بەربژێری ئاكەپە لە ئیستانبۆڵ زۆر زۆر دەبێت.
ئەو نووسەر و سیاسەتوانانەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنن، هۆشیاری دەدەن بەوەی بە هیچ شێوەیەك نابێت هاوپەیمانیی میللەت هەڵبوەشێتەوە، چونكە هەڵوەشانەوەی ئەو هاوپەیمانییە وا دەكات، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، ئاكەپە گورزێكی تر لە ئۆپۆزسیۆن بدات و هەموو شارەوانییە گەورەكانی لێ بباتەوە.
پێدەچێت ئەمجارەیان هەدەپە كوێرانە پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نەكات بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی شارە گەورەكان، چونكە بەهۆی ئەو پشتگیرییەی بەبێ مەرج لە هەڵبژاردنی 14 ئایار لە كلیچدارئۆغڵویان كرد، نزیكەی دوو ملیۆن دەنگیان لە باكوور كەم كرد، رەنگە ئەو هەڵەیە دووبارە نەكەنەوە و هەڵبژاردنی شارەوانییەكان تاكە كارتی گوشاری گەورەیە لەدەستی كورد مابێتەوە كە یاری پێ بكات و بیباتەوە.