پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە کڵێسایەکی ئیسپانیا زیاتر لە 900 منداڵ دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر

لە لێکۆڵینەوەیەکی کڵێسایەکی کاسۆلیکی ئیسپانیادا دەرکەوتووە، کە قەشە و کارمەندانی کڵێساکە لە ماوەی هەشت دەیەدا “دەستدرێژی سێکسی”یان کردووەتە سەر نزیکەی هەزار قوربانی.

لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن کۆنفرانسی قەشەکانی کاسۆلیکی ئیسپانیاوە بڵاوکراوەتەوە و کە تێدا هاتووە،  لانیکەم 927 منداڵی کەم تەمەن، لەلایەن ئەندامانی کڵێساوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە.

بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، زیاتر لە 99%ی دەستدرێژیکاران لە ڕەگەزی نێرن، کە نیوەیان پیاوانی ئایینینی مەسیحین و 83%ی قوربانییەکانیان لە ڕەگەزی نێرن، زۆرترین حاڵەت لە نێوان ساڵانی 1960 بۆ 1990 تۆمارکراوە.

بەپێی گوتەی قوربانییەکان، زیاتر لە 63%ی ئەو کەسانەی کە دەستدرێژییان کردووەتە سەریان گیانیان لەدەستداوە.

خۆسێ گابرێل ڤێرا، گوتەبێژی کۆنفرانسی قەشەکانی ئیسپانیا گوتی: ئێمە هەست بەو زیانانە دەکەین کە روویداوە “ئێمە دەمانەوێت یارمەتی هەموو قوربانییەکان بدەین بۆ ئەوەی لەگەڵیان بین لە چاکبوونەوەیاندا”.

ئاماژەی بەوەشکرد: دەمانەوێت بزانین لە هەڵبژاردنی کاندیدەکان بۆ پۆستی قەشەیی چی هەڵە بووە، هەروەها لە کاتی مەشق و راهێنانەکانیاندا چی هەڵە بووە، چ شتێک پاڵنەری ئەو کەسانەی داوە بۆ دەستدرێژی سێکسی.

راپۆرتی قەشەکانی ئیسپانیا نوێترین ڕاپۆرتە لە زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی ناوخۆیی و نیشتمانی سەبارەت بە کەیسەکانی دەستدرێژی سێکسی لە کڵێسای کاسۆلیکی لە دوای ئاشکرابوونی دەستدرێژی و پەردەپۆشکردنی پیاوانی ئایینی دەستدرێژیکراوی لە کڵێسای بۆستن لە ساڵی 2002.

لە ساڵانی دواتردا، لێکۆڵینەوە و راپۆرتەکانی رێکخراوە تایبەت و حکومییەکان حاڵەتی هاوشێوەیان لە ئەمەریکا، ئێرلەندا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا ئاشکرا کرد.

لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2004دا دەرکەوتووە کە نزیکەی لەسەدا 4ی پیاوانی ئایینی کاسۆلیکی لە ئەمەریکا لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا تۆمەتبارکراون بە خراپ بەکارهێنان پێگەکانیان.

لە ساڵی 2018دا، ئەڵمانیا لە راپۆرتێکیدا، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە قەشەکانی ئەوێ لە ماوەی حەوت دەیەدا مامەڵەی خراپیان لەگەڵ سێ هەزارو 677 منداڵی کەم تەمەن کردووە.

توێژینەوەیەک لە فەرەنسا لە ساڵی رابردوودا ئاشکرایکردووە، کە قەشە و کارمەندانی کڵێساکانی ئەوێ لە ساڵی 1950ەوە، دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر نزیکەی 330 هەزار منداڵی تەمەن بچوک.

لەلایەکی دیکەوە، قەشەکانی ئیتاڵیا یەکەم راپۆرتی خۆیان سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی لە ماوەی نێوان 2020 بۆ 2021 بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایان کردوە، کە 89 حاڵەت هەبووە، کە 68 کارمەندی کڵێسا تێیدا بەشداربوون.