هونەرمەند و دەرهێنەری کورد جەلیل زەنگەنە سەرقاڵی تۆمارکردنی سیناریۆی بەشی چوارەمی زنجیرەدرامای گەردەلوولە؛ بەشی چوارەمی دراماکەش بە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهیدەوە دەست پێدەکات کە لە ساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا و بەهۆیەوە 5000 مرۆڤی بێتاوانی کورد شەهید کەوتن؛ دوای بەشی چوارەمیش بڕیارە دەست بە بەرهەمهێنانی بەشی پێنجەمی دراماکە بکات.
هونەرمەند جەلیل زەنگەنە، ئاماژە بەوە دەکات هەنوکە سەرقاڵی نووسینەوەی سیناریۆی بەشێکی دیکەی دراما مێژووییەکەی گەردەلوولە، پێشتر سێ بەشی بەرهەم هاتووە و، ئێستا کار بۆ بەرهەمهێنانی بەشی چوارەم دەکات. ئەم بەشەی ئێستا لە کارەساتەکەی هەڵەبجەوە دەست پێدەکات و تا دەگات بە قۆناغی راپەڕینی کوردستان؛ دەشڵێت: دوای کۆتاییهێنان بەو بەشە، ئەگەر خوا تەمەن بدات ئەوا دەست دەکەین بە بەرهەمهێنانی بەشی پێنجەمی گەردەلوول کە ئەویش گێڕانەوەی ئەو ساڵانەیە کە کوردستان ئازاد بووە و بەهۆی ئەو ئازادییەوە خاوەن حکومەت و پەرلەمانی خۆمانین.
شایانی باسە زنجیرەدرامای گەردەلوول، زنجیرەدرامایەکی مێژووییە پڕە لە تراژیدیا و گێرانەوەی بەسەرهاتە دژوار و سەختەکانی سەردەمی ڕژێم بەرامبەر گەلی کورد، کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەند جەلیل زەنگەنەیە؛ پێشتر سێ بەشی بەرهەم هێناوە و ئێستایش کار بۆ بەرهەمهێنانی بەشی چوارەمی ئەو درامایە دەکات.