دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

شانده‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم گه‌یشته‌ ئێران

سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م و كه‌مێك پێش ئێستا شاندی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سنووری حاجی ئۆمه‌ران په‌ڕییه‌وه‌ و گه‌یشته‌ نێو خاكی ئێران، شانده‌كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا ژماره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نجام ده‌دات.

شانده‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامێتی هه‌ریه‌ك له‌ د.عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، جەلال شێخ نووری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، عەبدوڵا ئاکرەیی بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران، هه‌روه‌ها شاندێکی یاوەریان لە ژوورە بازرگانییەکان و یەکێتی هاوردە و ناردنکاران.

شانده‌كه‌ لە سنووری حاجی ئۆمەران – تەمەرچین لەلایەن نوێنەری پارێزگاری ئورمییە، فەرمانداری پیرانشار، سەرکونسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازیان لێ کرا.

مەبەست لە سەردانی شانده‌كه‌ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئسلامی ئێران، پەرەپێدانى پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانه‌ لەگەڵ وڵاتی ئێران و هەماهەنگیی زیاتر و بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان و بە هێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێرانە لە دەروازەی سنوورییەکان.

بڕیاره‌ شانده‌كه‌ی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرینگ لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی کۆمارى ئیسلامى ئێران و پارێزگارانی (ئازەربایجانى رۆژئاوا “ئورمییە”، کرماشان، سنە) ئەنجام بدەن.