عەبدوڵا وەرتێ، وتەبێژ و كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، ئاماژە بەگرنگی وتەكانی سەرۆك مەسعود بارزانی دەكات لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی بارزانی نەمر لە دهۆک، دەڵێت: وتەكانی سەرۆك بارزانی دەستپێشخەریەكی پێویست و گرنگ بوو بۆ یەكڕیزی حزبەكان و نێوماڵی كورد.
- بزووتنەوەی ئیسلامی ئامادەکاریی كردووە بۆ هەڵبژاردن ؟
- ئەنجوومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی زۆر دەمێكە سەرقاڵی بەرنامە و پلانی ئامادەكارین زۆر بەباشی ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان.
- زیانەکانی دواخستنی هەڵبژاردن لەسەر هەرێم و قەوارەکەی چی دەبن؟
- پێشتریش بەویستی ئێمە بووایە ماوەی پەرلەمان و حكوومەت درێژنەدەكرایەوە لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن دەكرا، دواخستی هەڵبژاردن زیان بەناوناوبانگی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت بۆیە ئومێدەوارین لەنزیكترین كاتدا كۆمسیۆن كارەكانی خۆی بكات و هەڵبژاردن بكرێت.
چونکە هەڵبژاردن لەبەرژوەندی هەرێمی كوردستان و حزبەكانە ، چونکە ئەوەی بەهێزی و مانەوەی هەرێم و حزبەكانیش بەندە بە جێبەجێ كردنی پرنسیپە دیموكراسییەكان كە هەڵبژاردن خاڵێكی بەهێزی دیموكراسییە لەگەڵ ئەوەشدا نەفەسێك دەدات بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. - خوێندنەوەتان بۆ قسەكانی پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لەهەرێمی كوردستان لەسەر داواكردنی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا چییە ؟
- نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئەوروپای زەخت لە حزبەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن تا بەزوترین كات هەڵبژاردن بكەن، ماوەی پەرلەمان لەوە زیاتر درێژبكرێتەوە نیشانەی پرسیار لەسەر سیستەم و پرۆسەی سیاسی هەرێم دروست دەكات، كە ئێمە هەرێمێكین لەچوارچێوەی عێراقدا.
- کاریگەریی دواخستنی زیاتری هەڵبژاردن لەسەر پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی کورد چۆن دەبێت؟
- بوون مانەوە و بەهێزیمان پەیوەستە بەپشتیوانی دۆستەكانمان، ئەگەر دۆستەكانمان بڕەنجێن و ئەوان پیشتوانیی و هاوكاریەكانیان ببڕن ئەوا لەداهاتوودا زیانی زۆر گەورە و مەترسیدار بەر هەرێمەكەمان دەكەوێت.
- زانیاریی چییە سەبارەت بەو کەیسەی هەیە لەدادگای فیدراڵی عێراق لەسەر یاسایی بوونی یان یاسایی نەبوونی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان ؟
- ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق ئاخۆ ماوەی درێژكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان یاساییە یان نایاساییە ئەویش چەكوشێكی دیكە دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان باشترین چارەسەریش بۆ ئەم بابەتە ڕێكەوتنی لایەنەكانە، تا لەنزیكترین كاتدا هەڵبژاردن بكەن.
- هەندێك لەحیزبەكان لەگەڵ هەڵبژاردن نین، باسی ئەوە دەكەن ئەو كاتەی ماوە بۆ هەڵبژاردن كەمە و كاتی زیاتری دەوێت ئەمە تاچەند وایە؟
- هێشتا شەش مانگمان لەبەردەستدایە، لەو شەش مانگەدا كۆمسیۆن دەتوانێت تەواوی ئامادەكاریەكان بكات و هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرێت و پاشان هەڵبژاردن بكرێت.
- هۆكاری دەنگدانی ئەندامانی بزووتنەوەی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لەچیەوە سەرچاوەی گرتبوو ؟
- پێمانوابوو زەرورە كۆمسیۆن كارا بكرێتەوە بۆیە دەنگمان بە كاراكردنەوەیدا، تەمەناشمان دەكرد پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی ئاسایی زانستیانەی لەنێوان ئەندامانی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان بكردایە بەكۆدەنگی لایەنەكان كۆمسیۆن كارابكرایەتەوە، بەڵام نەكرا.
- بۆچوونی بزووتنەوە لەسەر لەسەر وتەكانی سەرۆك بارزانی لەیادگەی نیشتمانی بارزانی چییە ؟
- دەستپێشخەریەكەی سەرۆك بارزانی هەنگاوێكی باش بوو بۆ كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی كاریگەری باشی هەبووە لەسەر یەكڕیزی نێوماڵی كورد، پێمانوایە كلیلی چارەسەری كێشەكانی ئەمڕۆی كوردستان تەنیا سەرۆك بارزانیە، پێویستە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەسەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی كۆبونەوەی لوتكەی حیزبەكان بكرێت ئەمە بەمەبەستی ڕێكەوتنی سەرجەم لایەنەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتی، تەمەنا دەكەین سەرجەم لایەنەكان هەنگاوبنێن بۆ زیاتر لەیەكنزیك بوونەوە و كۆتایی هاتنی ناكۆكیەكان.