ڕائیب جادر – هەولێر
دوای چەندین دیدار و گفتوگۆی تایبەت زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی شیعەکان گەیشتنە ئەو بڕوایە کە دەبێت بگەڕێنەوە ئەو دەقەی پێشتر لە نێوان ھەولێر و بەغدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بڕیاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا بودجە تێپەڕێنرێت. مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێ: لەگەڵ گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەداین، بەڵام دەبێت بودجەی بۆ تەرخان بکرێت.
ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا دەبێتەوە بنەمای جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجە، دووبارە گۆڕان لەو بڕگە و ماددانەی تایبەتن بە ھەرێمی کوردستان، دەکرێنەوە کە دواینجار لە لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر درا.
ڕۆژی ١٣ـی ئاداری ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسەند کرد، کە زیاتر لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەش کراوە، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە دەبێت چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت، لە بودجەی عێراق، ١٢.٦٧٪ـی بۆ ھەرێمی کوردستان دانراوە کە زیاتر لە شازدە ترلیۆن دەکات، ھەروەھا کورتھێنان لە بودجە شەست و سێ ترلیۆن دینارە، تێکڕای داھاتی عێراق سەد و سی و چوار ترلیۆن دینارە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراق کرد و دواتر درایە لیژنەی دارایی بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی خۆی لەو بارەیەوە ئامادە بکات و دواتر بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، ١٠ـی ئایاری ٢٠٢٣، نوێنەرانی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە پێکھێنەری حکوومەتی ئێستەی عێراقن، کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، دەبێت تا کۆتایی ئەم مانگە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا، سەرۆک بارزانی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، گوتی: ئێستە کەشوھەوایەکی زۆر لەبار ھاتووەتە ئاراوە، ئیرادەیەکی بەھێز و نیازێکی پاک دەبینین، من لێرەدا دەمەوێت پڕ بەدڵ سوپاسی برای بەڕێزم سەرۆکوەزیران، محەممەد شییاع سوودانی بکەم کە دەبینین زۆر بە جددی ھەوڵدەدات ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کراوە جێبەجێی بکات و جورئەتی نیشانداوە، لێرەشەوە دڵنیایی دەکەمەوە ئێمەش بە ھەموو توانایەک پشتگیری دەکەین.
گۆڕانکاری لە بڕگەکانی ھەر دوو ماددەی ١٣ و ١٤ـی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە کە تایبەتن بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، ناڕەزایی ھەرێمی کوردستان لێکەوتەوە و ھەریەکە لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە پەیامی جیا ناڕەزایی ھەرێمی کوردستانیان لە دەستکاریکردنی ماددەکان گەیاندە بەغدا.
پەرلەمانتاران، دەڵێن: گۆڕانکاری لەو دوو ماددانەی پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان دەکرێت لە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و بڕیارەکەی لیژنەی دارایی ھەڵدەوەشێتەوە، چونکە پێشتر ڕێکەوتن کراوە لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان، بەوەش لیژنەی دارایی دەنگ لەسەر ھەر دوو ماددەی ١٣ و ١٤ی پڕۆژەیاسای بودجە دەدات بە مەرجێک ئەندامێکی لیژنەی دارایی زیادە و نابێت ژمارەی ئەندامانی لیژنە لە ٢٣ کەس زیاتر بێت، کەچی ئێستە کردوویانە بە ٢٤ ئەندام، ئەوەش یەکێکی دیکە لە پێشێلکارییەکانە. مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: پارتی بەھیچ شێوەیەک دژی قوتی خەڵکی ھەرێم نییە، بەڵام گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە پێویستی بە تەرخانکردنی بودجەیە.
قەرەنی، گوتیشی: دوای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی لیژنەی دارایی، پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکرێت و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی بخرێتە دەنگدانەوە.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ ژمارەیەک بڕگەی زیادکراو بۆ ڕەشنووسی بودجەی بێ گەڕانەوە بۆ حکوومەت ڕەت کردووەتەوە و بە نادەستووری و بەپێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق ناویبردوون. پێنج شەممەی ڕابردوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەت بە ھەناردەی نەوتی کوردستانی لە ڕەشنووسی بودجەی عێراق کرد و گۆڕی. نوێنەرانی پارتی بایکۆتیان کرد و سوننەکانیش دەنگیان بۆ نەدا، نوێنەرەکەی یەکگرتوو تەنھا دەنگی بە بڕگەی دانەوەی ١٠٪ی مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران دا، لەبەرامبەر نوێنەری یەکێتی و سەرجەم پەرلەمانتارانی شیعە دەنگیان بەو گۆڕانینانە، بەپێی گۆڕانینەکان، دەبێت ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، دەستکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی ڕادەستی سۆمۆ دەکرێت، مەرج نییە ھەر بۆ ھەناردەکردن بێت، بەڵکو دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی نێوخۆ لە سووتەمەنیش بەکاربھێندرێت. سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەو دەستکارییانەی کراون پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقن.
فوئاد حوسێن، وەکو نوێنەری پارتی و ھادی عامری، وەکو نوێنەری چوارچێوەی ھاوئاھەنگی لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنیان لەسەر دەستکارییەکانی نێو ماددەی ١٣ و ١٤ـی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی عێراقەوە کردووە، زۆرینەی ئەو بڕگانەی ماددەی ١٣ و ١٤ و وەکو پێشتریان لێکراوەتەوە کە حکوومەت ناردوویەتی بۆ لیژنەی دارایی، لەوانە؛ لەمەودوا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ دەتوانێت ھەژماری بانکیی داھات بەکاربھێنێت، ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ ھەناردەکردنی چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت سوود لە کێڵگەکانی نەینەوا و کەرکووک وەربگرێت، ئەمەش پێچەوانەی دەقە دەستکاریکراوەکەیە کە لیژنەی دارایی ڕایگەیاندبوو، نابێ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا بەکاربھێنێت، لە دەقە دەستکاریکراوەکەی لیژنەی داراییدا ئاماژە بەوە ڕاکرابوو، کە پێویستە سەرجەم داھاتە نەوتی و نانەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێن، ئەمەش گۆڕاوە بۆ ئەوەی، ٥٠%ـی داھاتی دەروازە سنوورییەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەوانەی کە واژوویان لەسەر ئەم گۆڕانکارییە کرد، زۆر بێ ئاگابوون لەو ھەماھەنگیەی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمابەران بەشێکە لە پلانی حکوومەتی ھەرێم لە بودجەی عێراقیش پەسەندمان کردووە، ھەروەھا گوتوومانە پێویستە گشت پاشەکەوت و مووچەی فەرمابەرانی ھەرێم بدرێتەوە و جێگیرمان کردووە، دواتر حکوومەتی ناوەندی، دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی عێراقیش پەسەندی کردووە.