ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
باڵاترین بەرپرسی پزیشكی لە ئەمەریكا هۆشداری دا لەوەی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا ڕەنگە “كاریگەریەکی زۆر زیانبەخش” دابنێتە سەر تەندروستی دەروونی منداڵان و هەرزەكاران؛ داوای لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنەلۆجیا كرد، لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، كار لەسەر ئەو مەترسیانە بكەن.
ڤیڤێك مورتی بەڕێوەبەری دەستەی تەندروستی گشتی ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە: “ئێمە بە قەیرانێكی نیشتمانیدا تێدەپەڕین سەبارەت بە تەندروستیی دەروونیی گەنجان و ترسم هەیە سۆشیال میدیا ببێتە بزوێنەری سەرەكیی ئەم قەیرانە، كە شتێكە كە دەبێت بەپەلە چارەسەری بكەین.”
لە ڕاپۆرتەكەیدا كە 19 لاپەڕەیە، ئاماژەی بەوە كردووە، پێویستمان بە توێژینەوەی زیاترە “بۆ باشتر تێگەیشتن لە كاریگەرییەكانی سۆشیال میدیا” لەسەر گەنجان و “بەڵگەیەكی زۆر” هەیە كە ئەو تۆڕانە دەتوانن لێكەوتەی نەرێنییان هەبێت.
مورتی ڕوونیشی كردەوە، توێژینەوەكان دەریانخستووە، بۆ نموونە پەیوەندییەك لەنێوان بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەركەوتنی نیشانەكانی خەمۆكی، هۆكارێكیشە بە هاندانی هەرزەكاران بۆ بەراوردكردنی خۆیان لەگەڵ كەسانی دیكە و ئەم پلاتفۆرمانە ڕەنگە ببنە هۆی لاوازبوونی خۆبەگەورەزانینیان.
مورتی بە پشتبەستن بە توێژینەوەیەك پشتڕاستی كردەوە كە تۆڕەكان ڕەنگە مەترسییەكی گەورەتر بۆ كچان و هەرزەكاران دروست بكەن وەك لە كوڕان، چونكە ئەوان تووشی هێرشكردنە سەر ئەلیكترۆنی دەبن و لەوانەیە تووشی تێكچوونی خواردن ببن.