چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

جەبار مەشهەدانی: کێشەی هەرێمی کوردستان ئەوەیە پێشکەوتوترە لەشارەکانی ناوەڕاستی عێراق  

چاودێرێکی سیاسی عێراقی پێیوایە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کە لایەنێکی پێکهێنەری حکومەتی ئێستای عێراق، کۆمەڵێک کێشەی بۆ سوودانی دروست کردووە و نایانەوێت لە کارەکەیدا سەرکەتووبێت. دەشڵێت، “کێشەی سەرەکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە پێشکەوتوترە لەشارەکانی ناوەڕاستی عێراق”.   

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ـی ئایاری 2023، جەبار مەشهەدانی، چاودێری سیاسی عێراقی راگەیاند، “من بڕوام وایە کە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کە پێکهێنەری حکومەتە، کۆمەڵێک کێشەی بۆ سوودانی دروست کردووە، هەروەها کۆمەڵێک لایەنی گرنگ هەن، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی، نایەنەوێت حکومەتی سوودانی سەرکەوتوو بێت، نایانەوێت خودی سوودانیش سەرکەوتووبێت، چونکە دروشمی حکومەتی خزمەتگوزاری بەرزکردووەتەوە.”

مەشهەدانی گوتیشی: لە راستیدا ئەوەی کێشەی بۆ هەرێم دروستکردووە، ئەوەیە کە لە کوردستان بەدەست هاتووە، بەتایبەت هەولێر و دهۆک پێشکەوتوترن لە شارەکانی ناوەڕاست، ئەمەش ئەو پرسیارە دروست دەکات، کە ئایا بودجە بۆ هەموو پارێزگاکان دەڕوات، بۆ نموونە خەڵکی عەمارە و ناسریە و بەسرا دەڵێن بودجەی من لە کوێیە؟ کە وای کردووە بەدەیان ملیار دۆلار بە هەرەمەکی بڵاو ببێتەوە، چیرۆکی نێوان بەغدا و هەولێر ئەوەیە، کە پێویستە بەغدا بۆ هەموو لایەک بێت نەک تەنها لایەنێک، کە ئەو لایەنە هەوڵدەدات کێشەکان بخاتە سەر لایەنەکای دیکە و هێرش بکاتە سەر ئامانجەکەی کە هەرێمی کوردستانە.”

چاودێرە سیاسیەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی وای کردووە کە کورد وڵاتی خۆی نەبێت، رێککەوتنامەیەکی کۆنی بەریتانییە، ئەو چوار وڵاتەی کوردییان تێدایە رێگریان کردووە کە ئەو گەلە بە مافەکانی خۆی نەگات. هەر لەسەردەمی پاشایەتی و حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق، بەردەوام شتێک هەبووە بەناوی دۆسیەی کورد، کە کاریگەری هەبووە لەسەر بڕیارەکانی بەغدا.

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بەوش کرد، “کورد کێشەی هەبووە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام بەرەوپێشچوونیشی هەبووە، کوردستان توند راوەستاوە بەرامبەر هەموو ئاڵنگارییەکان، لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا، دەرکراوە، کیمیانباران کراوە، مووشەک بارانکراوە، درۆنی لێدراوە، گەماڕۆی خراوەتە سەر، بەڵام سوور بووە لەسەر سەرکەوتن، ئەمەش  وایکردووە خەڵکیتر بێزاربن.”