حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، نزیکەی 417 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی دروستکردنی سێیەم بۆری هەناردەکردنی نەوت لە رێگای دەریایی پەسەند بکات.
رۆژی دووشەممە، 30ی ئایاری 2023، کۆمپانیای نەوتی بەسرە، بوونی پڕۆژەیەکی ستراتیژی گەورە بۆ ژێرخانی ئابووری و بەرهەمهێنان و هەناردەکردن راگەیاند.
باسم عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی بەسرە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند، کۆمپانیای نەوتی بەسرە یەکەم کۆمپانیایە کە بودجەی عێراق بە رێژەی زیاتر لە 75% دابین دەکات.
عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەشکرد، “کۆمپانیاکە پڕۆژەی ستراتیژی گەورەی هەیە بۆ ژێرخانی ئابووری و بەرهەمهێنان و هەناردەکردن”.
دەشڵێت، “کۆمپانیای بیانی لە بەسرە کاردەکەن، هەروەها کۆمپانیای بیانی دیکەش هەن، کە لە داهاتوو مۆڵەتیان پێدەدرێت و دەچنە ناو کارەوە”.
کۆمپانیای نەوتی بەسرە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای “رۆیال بۆسکالیس”ی هۆڵەندی بۆ دروستکردنی ئەو بۆرییە کردوە، کە توانای کارپێکردنی دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا هەیە.