سبەی چوارشەممە 31ـی 05ـی 2023 شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتە ئێران، لەمبارەیەوە ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: لەپێناو پتەوکردن و پەرەپێدانى پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەماهەنگیی زیاتر و بە مەبەستى بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان و بە هێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی لهنێوان ههرێمی كوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران لە دەروازەی سنوورییەکان، شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێران دەکات.
سەبارەت بە ئەندامانی شاندەکە ڕاشیگەیاند: شاندەکە پێکهاتووە لەسەرجەم پارێزگار و سەرپەرشتاری ئیدارە سەربەخۆکان و ژوورە بازرگانییەکان، بە فەرمی سەردانى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەن.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە شاندەکە لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ کاروباری بازرگانی و پارێزگارانی (ئازەربایجانى ڕۆژئاوا “ئورمیە”، کرماشان، سنە) بۆ ئەو مەبەستە دیدار و کۆبوونەوەیان دەبێت.