لە رێورەسمی کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان، قایمقامی مێرگەسۆر رایگەیاند، ئەم کارگەیە دەبێتە هۆی ئەوەی دانیشتووانی گوندەکان لەناوچەکانی خۆیان بمێننەوە، هەروەها بەرهەمێکی کوردەواری و خاوێن وتەندروستیش بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە (30ـی ئایاری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی شیرەمەنیی زۆم لە گوندی ژاژۆکی سەر بە قەزای مێرگەسۆر کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە، غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر لە وتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگی پڕۆژەکە کرد و رایگەیاند، کردنەوەی کارگەی (زۆم) وەک پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، کاریگەری گرنگی دەبێت بۆ بەروبوومی گوندنشین و ئاژەڵدارانی ناوچەکە، هاوکات بەشێکە لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی حکومەت بۆ پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی و فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان.
قایمقامی مێرگەسۆر، گوتیشی: “زۆربەی دانیشتووانی ئەم سنوورە خانەوادەی سەربەرزی شەهید و ئەنفالکراوانن، لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن، کە ئەمەش داخوازی و هیوای سەرۆک بارزانییە، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و رەخساندنی هەلی کار و دابین کردنی ژیانێکی باشتر بۆیان”.
غەفوور ئەحمەد، گوتیشی: “ئەو کارگەیە دەبێتە هۆکارێک کە خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەرهەمێکی کوردی و خاوێن و تەندروستی شیرەمەنیان لەناوخۆ هەبێت، لە هەمانکاتدا بەشێکە لە هۆکارەکانی بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان”.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، گرنگی ئەم کارگەیە لەوەشدایە کە هەوڵێکە کە دانیشتووانی گوندەکان لەشوێنی خۆیان بمێننەوە و کۆچ نەکەن وگرنگی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ئاژەڵداری بدەن.
پڕۆژەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت کە بریتین کە کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هەروەها بنکەکانی کۆکردنەوەی بەروبوومی ئاژەڵداران و جووتیاران.
لە ئێستادا 12 بنکە تەواو کراون و بەرهەم وەردەگرن، هەشت بنکەی نوێش لە قۆناغی جێبەجێکردن دان، لە ئایندەش بنکەی تر بە گوێرەی پێویستی کارگە زیاد دەکرێن.
شوێنی کارگە دەکەوێتە گوندی ژاژوک لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 13 هەزار و 46 مەتر دووجا دروستکراوە.
هەروەها قەبارەی بەرهەمهێنان لە کارگەکە 20 تۆنە لە رۆژێکدا، توانای هەیە بگاتە 50 تۆن و هەموو ئامێرەکانی ناو کارگە لە باشترین جۆری (Stain less steel) دروستکراون.
هاوکات لەناو کارگەدا تاقیگەی تایبەت هەیە بۆ پشکنینی شیر و دڵنیابوون لە کوالێتی ئەو شیرەی کە دەگاتە کارگە و ئەو بەرهەمانەی لە کارگە بەرهەم دێت.
لە ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە تێکڕا رۆژانە 80 کەس بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک کاریان لەو پڕۆژەیەدا کردووە و دەبێتە هۆی رەخساندنی زیاتر لە 300 دەرفەتی کاری دیکەش، هەروەها زیاتر دوو هەزار و 700 خێزانی ناوچەکەش تێیدا سوودمەند دەبن.
ئەم کارگەیە لە ساڵی 2020 لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە بەردی بناغەی بۆ دانراوە و ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی کرایەوە.