عێراق له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌های دراوه‌كه‌ی مامه‌ڵه‌كردن به‌ دۆلار قه‌ده‌غه‌ ده‌دات

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هه‌وڵه‌كانیان له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ی به‌های دیناری و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری و هه‌ژموونی دراوی بیانی له‌ بازاڕه‌كانی عێراقدا، به‌رده‌وام ده‌بێت، هاوكات رایده‌گه‌یه‌نێت، هاووڵاتیان و خاوه‌ن پڕۆژه‌ ئابوورییه‌كانی عێراق كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر به‌و هه‌وڵ و به‌رنامانه‌ی حكومه‌ت ئه‌رێنییه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ حوسێن ته‌میمی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی تاوانه‌ رێكخراوه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاندووه‌، وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌و مانگانه‌وه‌ به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بانكی ناوه‌ندی، هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێكردووه‌ بۆ رێگریكردنی مامه‌ڵه‌كردن به‌ دۆلار له‌لایه‌ن خاوه‌نی كۆمپانیا و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان.

به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی تاوانه‌ رێكخراوه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی ده‌ستیان پێكردووه‌، تا ئێستا به‌رده‌وامه‌، هاوكات گوتی، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌لایه‌ن خاوه‌نی كۆمپانیا و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ی لێكراوه‌.

ته‌میمی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌ی رایگه‌یاند، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ جگه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رجه‌م پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق ده‌گرێته‌وه‌، روونیشكردوه‌وه‌، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ دووباره‌ ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌ گه‌ڕان و پشكنین و چاودێریكردنی بازاڕه‌كان و شوێنه‌ گشتییه‌كان.

ته‌میمی روونیكردووه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك كه‌سی بێوژدان، هه‌ڵكشان و داكشانی دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌ هه‌ل ده‌زانن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش پابه‌ندی ئه‌و به‌ڵێنه‌یان بن، كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كار و ئه‌ركه‌كه‌یاندا داوییانه‌، هه‌ر‌وه‌ها روون كراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر كه‌س و كۆمپانیایه‌ك پابه‌ندی هه‌ردوو بڕیاری ژماره‌ (23) و (26)ـی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان نه‌بێت، كه‌ ناوه‌نده‌ بازرگانییه‌كان و خاوه‌نی كۆمپانیاكانی پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل ده‌گرێته‌وه‌ و له‌ بری دینار، مامه‌ڵه‌ به‌ دۆلار بكه‌ن، رووبه‌ڕووی سزا ده‌بنه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك سزای سه‌رپێچیكار زیندانیكردن ده‌بێت، كه‌ ماوه‌كه‌ی له‌ پێنج ساڵ كه‌متر نابێت.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق له‌ ناوەڕاستی ئایاری ئه‌مساڵ (2023) هەڵمەتێکی بەرفراوانی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەستیپێکرد بۆ پاڵپشتیکردنی دیناری عێراقی و کەمکردنەوەی مامەڵەکردن بە دۆلار، یەکەم شوێنیش لە پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەوە دەستیپێکرد، کە ئاگادارکرانەوە لەوەی، دەبێت لەمەودا مامەڵە بە دیناری عێراقی بکەن.