لە گوندی تۆبزاوەی باشووری كەركووك، سوپای عێراق رێگری لە دروێنەی جووتیارانی كورد دەكات و دەستیش بەسەر دەڕاسەیەكدا گیرا و شۆفێرەكەشی دەستگیركرا.
جووتیارێكی گوندەكە بە كوردستان24ی راگەیاند: “كەمێك پێش ئێستا لەكاتی دروێنەكردن هێزێكی سوپای عێراق هاتن و پێیان گوتین بەهیچ شێوەیەك رێگە نادرێت دروێنەی بەرووبوومەكانتان بكەن و بەزەبری هێز ئیشەكانیان پێڕاگرتین و دەستیشیان بەسەر دەڕاسەكەدا گرت و شۆفێرەكەشیان دەستگیركرد”.
ئەو جووتیارە داوای كرد، سەركردایەتی كورد و نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەپەلە بێنەسەرخەت و كێشەكەیان چارەسەر بكەن، بۆ ئەوەی رەنجی ساڵێكیان بەفیڕۆ نەچێت.
لەسەر سكاڵای عەرەبە هاوردەكان كە گرێبەستی سەردەمی بەعسیان هەیە، سوپای عێراق لە سنوورەكە لە دژی هاووڵاتیان و جووتیارانی كورد وەستاونەتەوەو رێگری لە كاری كشتوكاڵی دەكەن.