دوو فەرماندەی سەربازی ئێرانی چوونە ناوچەیەکی سنووری لەگەڵ ئەفغانستان، ئەمەش رۆژێک دوای کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک بەهۆی تەقەی نێوان هێزەکانی تالیبان و پاسەوانی سنووری ئێران، هاوکات تاران لایەنی ئەفغانی ئاگادارکردەوە کە هەر ململانێیەک دەبێتە زیانێکی ستراتیژی بۆ هەردوولا.
گوتەبێژی تاڵیبان و میدیای فەرمی ئێران رایانگەیاند، دوای روودانی تەقە لە نزیک خاڵێکی سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستان، دوو پاسەوانی سنووری ئێران و چەکدارێکی تاڵیبان کوژراون.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، شەڕ و پێکدادانەکان لە خاڵی سنووری ساسولی کە دەکەوێتە پارێزگای زابولی ئێرانەوە رووی داوە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان تەقەیان کردووە بۆ گەیاندنی زیان بە بەرامبەر بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
عینایەتوڵڵا خوارزمی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری تاڵیبان گوتی: بەداخەوە ئەمڕۆ سەربازانی ئێران تەقەیان کردووە و جارێکی دیکە لە ناوچە سنوورییەکانی ناحیەی کۆنگ سەر بە پارێزگای نەمرۆز شەڕ و پێکدادان روویدا.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەفغانستان دیالۆگ و دانوستان بە ئامرازێکی عەقڵانی دەزانێت بۆ هەر کێشەیەک. بیانوو هێنانەوە بۆ شەڕ و کردەوەی نەرێنی لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نییە.
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای ئێران، کیومەرس حەیدەری، چووە پارێزگای بەلوچستانی باکووری هاوسنووری پاکستان و ئەفغانستان، بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەکە ببینێت.
ئاژانسەکانی ئێران لە زاری حەیدەریەوە رایانگەیاندووە، ئێمە دراوسێیەتییەکی باش ئەنجام دەدەین، بەڵام کاتێک هەست دەکەین لایەنی بەرامبەر نایەوێت پابەندی یاساکان بێت، مامەڵەیەکی دیکەی لەگەڵ دەکرێت.
حەیدەری گوتیشی، چەندین جار ئاماژەمان بەوە کردووە کە بوونی ئێمە لە سنوور بەو مانایە نییە کە مەترسیمان لەسەرە، بەڵکو بە هۆی چاودێریی هەواڵگری و ئاسایشی سەر سنوورە.
میدیاکانی ئێران کردنەوەی پردی سنووری “تەریق ئەلحەریر”ی نێوان ئێران و ئەفغانستانیان پشتڕاست کردەوە کە دوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی نێوان هەردوولا داخرابوو.
ئاژانسی هەواڵی “فارس”ی سەر بە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، “تاران رێگە نادات هیچ رووداوێکی ناخۆش لەسەر سنووری ئەفغانستان رووبدات”، دەشڵێت، “دۆخەکە لە ئێستادا زۆر ئارامە.”
میدیاکانی ئێران دەڵێن: دوای ئەوەی کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسانی هەردوولا ئەنجامدرا، رازیبوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی راستییەکان و زانینی هۆکارەکانی رووداوەکە.
رەسووڵ موسەوی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە لە تویتەر بڵاویکردەوە: “پێویستە خەڵک و نوخبەی ئەو دوو وڵاتە درک بەوە بکەن کە هەر جۆرە ململانێیەک بۆ هەردووکیان زیانێکی ستراتیژییە”.