سلێمان تاشان – ههولێر
دواجار سەلمێنرا کە پرسی ورووژاندنی گەڕانەوەی ١٠%ی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتیی کوردستانە و هەنگاوێکی سیاسییە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە حکوومەت و دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم داببڕێنێت و ئاسانتر پیلانی بچووککردنەوەی قەوارە و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.
لە ٢٥ی ئەم مانگە زۆرینەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە بێ لەبەرچاوگرتنی رێکەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و بنەماکانی دەستوور و تێگەیشتن لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی خۆیان، دەستکاری پڕۆژەیاسای بودجەیان کرد و کۆمەڵێک بڕگەیان زیاد کرد کە بووە هۆی نیگەرانی و تەنانەت تووڕەیی سەرکردایەتی سیاسیی کورد و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان.
یەکێک لەو بڕگانەی لە کاتی دەستکاریکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق زیاد کراوە و ویستراوە دڵی خەڵکی هەرێمی کوردستانی پێ خۆش بکات و لە بڕگەکانی تر دایببڕێنێت، گەڕانەوەی ١٠%ی پاشەکەوتی مووچەیە بۆیان، بەڵام پشتی پەردەی ئەو خەمخۆرییەی لیژنەکە خەریکە بە تەواوی ئاشکرا دەبێت.
لە ساڵی ٢٠١٤ و لە ئاکامی ئەو تەنگژە دارایییەی حکوومەتی ئەو کاتی عێراق بەسەر هەرێمی کوردستانیدا سەپاند، هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی بەدەستەوە نەما بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی پێ دابین بکات و لە ناچارییان دەستی بە فرۆشتن وهەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوەی وڵات بۆ یەکەم جار لە مێژوودا کرد.
پڕۆسەی هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ پێشهاتەکانی سەرهەڵدانی داعش و پاشان دابەزینی بەهای نەوت و هاتنی ئاوارەیەکی زۆر و بەرزبوونەوەی خەرجی و دابەزینی داهات، حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ناچار کرد سیاسەتی پاشەکەوتی مووچە بگرێتە بەر مووچەی چەندان مانگ یان نیوەمووچەی دابیننەکراویان بۆ پاشەکەوت بکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بە فەرمی ئەوەی راگەیاندووە هەر کاتێک دۆخی دارایی باش بوو ئەوا ئەو قەرزە دەداتەوە بەڵام هێشتا ئەمە رووی نەداوە و ئەولەویییەتی حکوومەت ئەوە بووە مووچەی مانگانە لە کاتی خۆیدا دابەش بکات.
ئەوە بوو لە کۆتاییەکانی مانگی ئادار و دوای دەرچوونی بڕیاری دادگایەکی پاریس پرسی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان لە لایەن تورکیاوە هاتە کایەوە و دواتر رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی لێ کەوتەوە.
پرسی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە رێک لەو کاتەدا دیسان لە لایەن هەندێک میدیاوە وەک موژدەیەک بە گوێی خەڵک چپێنرا کە لە ٢٥ی ئەم مانگەدا دەستکاری پڕۆژەیاسای بودجە کرا و کۆمەڵێک بڕگە زیاد کران کە بە پێی بڕگەکان، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان زۆر کەم کراوەتەوە، هەنگاوێک کە تووڕەیی سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستانی بەدواوە بووە.
پرسیارێک کە لێرەدا بووەتە جێی سەرنجی چاودێرانی سیاسی و ئابووری و بەرپرسانی باڵای هەرێم ئەوە بووە بۆچی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئەو دەستکارییە باسی لە گەڕانەوەی ١٠%ی مووچەی پاشەکەوتیش کردووە. لە بڕگەکەدا بە هیچ شێوەیەک باس لەوە نەکراوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە کام سەرچاوە ئەو قەرزە دەداتەوە و ئەوەش روون نەکراوەتەوە بودجەکەی لە کوێ دابین دەکرێت.
لێردەا دەسەلمێنرێت دانانی ئەو بڕگەیە بە تەواوی سیاسی بووە و ویستوویانە سەرنجی خەڵکی کوردستان لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرانبەر بە بودجە و ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کراوە دوور بخەنەوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان دڵخۆشیان بکەن بەوەی بەشێک لە قەرزەکەیان بۆ دەگەڕێنرێتەوە.
رۆژی یەکشەم وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە راشکاوی پەنجەی لەسەر ئەم بڕگەیە دانا و گوتی “پاشەکەوتی مووچە چووەتە ناو موزایەدەی سیاسی، هەر کەسێک ئەو بڕگەیەی لە پڕۆژەیاسای بودجە زیاد کردووە، خۆزگە بیریشێ بوایە واز لە موزایەدە بێنێ و بڕەکەشی بۆ تەرخان کردبا. هەرکەسێک هەوڵ بدات پاشەکەوتی مووچە بگێڕێتەوە من خۆم دەستی ماچ دەکەم.”
ئەو روونی کردەوە کاتێک پێشنیاری دابینکردنی مووچە یان گەڕانەوەی قەرز دەخرێتە روو دەبێ بزانرێ چۆن پارەی بۆ دابین دەکرێ. حکوومەتی هەرێم هەنگاوی بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچە ناوە و پلانی هەیە ئەو قەرزە بداتەوە.
لێرەدا دەردەکەوێت ئەوەی لە لیژنەی دارایی رووی داوە تەنیا هەنگاوێک نەبووە لە روونی نەزانییەوە کرابێت وەک پێشتریش دکتور جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی هەڵوێستی لەبارەیەوە راگەیاندبوو، هەنگاوەکە بە پیلانگێڕییەکی پێشوەختە لێکدابووەوە کە بۆچوونێکی لەجێی خۆی بوو.
خەڵکی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆمەڵێک پرس ڕەخنەیان لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و حکوومەت و دامەزراوەکانی کوردستان هەیە و بە مافی خۆیان زانیوە و حەزیان کردووە دەسەڵاتی کوردی لە ئاستی چاوەڕوانییەکانیاندا بن و راستیان بکەنەوە، بەڵام ئاستەمە بەو جۆرە بەڵێن و بانگەشە درۆیینە هەڵخەڵەتێن و رێگا بدەن نەیارانی کورد لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن.