وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:دەستکاریکردنەکەی لیژنەی دارایی تەپکە و لوغمی بۆ ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دروست کردووە

دوێنێ، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە گۆڕینەکانی نێو یاسای بودجەی عێڕاق بۆچوونی خۆی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو و ڕایگەیاند: لە ماددەکانی 13 و 14 بەتایبەتی زۆر دەستکاریی پڕۆژەیاسای بودجە کراوە، دەستکاریی بڕگەی دووەمیان کردووە، کە پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا کراوە، لەو بڕگەیە ئەو مافەیان لە ئێمە سەندووەتەوە کە بەپێی ماددەی 111 و 112ی دەستووری عێراق پارێزراوە بۆ گەل، لەوەدا مافی ئێمە پێشێل کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاشەکەوتی مووچەی کردووە بە قەرز و پلانی هەیە ئەو قەرزە بداتەوە. دەشڵێت: ئەو کەسەی لە لیژنەی دارایی بڕگەی دانەوەی پاشەکەوتی زیادکردووە خۆزگە بیری بوایە موزایەدەی نەکردبا و بڕی پارەکەشی بۆ تەرخان کردبایە.
وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا، ڕایگەیاند: دوایین ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئەنجامی چەندین کۆبوونەوە بووە، ئەم ڕێککەوتنە، لە ئەنجامی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بوو کە دروستبوونی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی لێکەوتەوە.
وەزیری دارایی گوتیشی: ئێمە پابەندین بەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان هەردوو حکوومەت و پڕۆژەیاسای بودجەدا هەیە، ئەو ڕێککەوتنە کە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئیمزا کراوە. لە دەرەوەی ئەو ڕێککەوتنانە هەر دەستکارییەک لە پڕۆژەیاسای بودجە کرابێت پێچەوانەی یاسا و دەستوورە. هەروەها، بڕیارێک هەیە لە دادگای فیدراڵی کە ناسراوە بە بڕیاری ژمارە 35 ئەمەش ڕێگریی لە دەستکاریکردنی ئەو ماددانەی بودجە دەکات کە لە حکومەتەوە نێردراوەتە پەرلەمان، لیژنەی دارایی مافی ئەوەی هەیە دەستکاریی ژمارەکان بکات، بەڵام مافی زیادکردن یان لابردنی نووسراویان نییە.
جەختیکردەوە: دەستکاریکردنی ماددەکان نادەستووری و نایاسایین، پێشمان وایە دەستکاریکردنەکە تەپکە و لوغمی بۆ ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا دروستکردووە، لە جیاتی ئاسانکاری، ئەمە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایە.
ئاوات جەناب نووری، دەشڵێت: لە ماددەکانی 13 و 14 بەتایبەتی زۆر دەستکاری پڕۆژەیاسای بودجە کراوە، گوڕینیان لە بڕگەی دووەم کردووە، کە پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا کراوە، لەو بڕگەیە ئەو مافەیان لە ئێمە سەندووەتەوە کە بەپێی ماددەی 111 و 112ی دەستووری عێراق پارێزراوە بۆ گەل، لەو گۆڕانکارییە مافی ئێمە پێشێل کراوە، هەروەها لە بڕگەیەکی دیکە زیادکراوە ئەگەر بڕگەی یەکەم و دووەم جێبەجێ نەکرا ڕاستەوخۆ بودجەی هەرێم ڕابگیرێت، کە ئەمە پێشنیارێکی زۆر هەڵەیە، چونکە لە هەر ئەگەرێکدا هاووڵاتیی و فەرمانبەران لێی زیانمەند دەبن.
باسی لەوەشکرد: وەکو هەرێمی کوردستان بەو مەرجە ڕازی بووین بەشە بودجە کەم بکرێتەوە کە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ سەرژمێری گشتی بکرێت، ئەوکات بەپێی ئەو سەرژمێرییە بەشە بودجە دیاریبکرێت.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشدا: هەندێک لەو گۆڕینانەی لە ماددەکانی 13 و 14 کراون، لە نەبوونی زانیاری و نەزانییە، ئەوەی کردویانە جگە لە دروستکردنی کێشە و سەرئێشە هیچی تر نییە.
سەبارەت بە پاشەکەوتی مووچە، گوتی: پاشەکەوتی مووچە چووەتە ناو موزایەدەی سیاسی، هەر کەسێک ئەو بڕگەیەی لە پڕۆژەیاسای بودجە زیادکردووە، خۆزگە بیریشی بوایە واز لە موزایەدە بێنێ و بڕەکەشی بۆ تەرخان کردبا، هەرکەسێک هەوڵبدات پاشەکەوتی مووچە بگێڕێتەوە من خۆم دەستی ماچ دەکەم، بەڵام کە پێشنیازێک دەکەی دەبێ بزانین چۆن پارەی بۆ دیار دەکەیت. حکومەتی هەرێم هەنگاوی بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچە ناوە و یەکەم هەنگاویش ئەوە بوو کردویەتی بە قەرز لەسەر حکومەت، چونکە پلانی هەیە ئەو قەرزە بداتەوە، لە 2013 ئەوەی کە مووچەی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەناردووە حکومەتی عێراق بوو، ئەرکی هەردوولامانە ئەو قەرزەی فەرمانبەران بدەینەوە.