دوێنێ، به ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی حكوومی و حزبى و نوێنه‌ری وڵاتان و ئه‌كادیمی و كه‌سوكاری قوتابیان، ڕێوڕه‌سمی پێنجه‌مین خولی ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكیی كوردستان له دهۆك به‌ڕێوه‌چوو.
له رێوڕه‌سمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌ڕێز جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى،
به‌ڕێز جه‌نابی محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق
به‌ڕێز شێخ خه‌لیفه ته‌حنوون
خۆشحاڵین به ئاماده‌بوونتان له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا، زۆر به‌خێربێن.
كه‌سوكارى ئازيزى ده‌رچووان،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
ئێواره‌تان باش،
خۆشحاڵین كه له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى به‌ڕێز له خولێكى تازه‌ى ده‌رچووانى زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان له دهۆك، به‌شدارين. به گه‌رمى پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له ده‌رچووان ده‌كه‌م و هيواى سه‌ركه‌وتنى زياتريان بۆ ده‌خوازم.
پيرۆزبايى له دايكوباوك و خێزان و كه‌سوكارى ده‌رچووان و له مامۆستايان و سه‌رۆكايه‌تى و ده‌سته‌ى ئه‌ميندارنی زانكۆ ده‌كه‌م. ئێوه‌ش ئه‌ركێكى گه‌وره و پيرۆزتان به‌جێ گه‌ياند. ماندوو نه‌بن و ده‌ستتان خۆش بێت.
به‌ڕێزان..
ده‌رچوونى پۆلێكى ديكه‌ى گه‌نجانى كوردستان و عێراق، يان له هه‌ر شوێنێكى ديكه‌وه هاتبن، مايه‌ى شانازى و خۆشحاڵييه. ئێوه ده‌رچووانى خۆشه‌ويست، به زانست و زانينى تازه و سه‌رده‌ميانه پێگه‌يشتوون. ئێستا ئيتر ئاماده‌ن بۆ قۆناغى ديكه‌ى ژيان كه قۆناغى كار و خزمه‌تكردن و به‌شدارى و هاوبه‌شيى كاراتانه له پێشخستنى وڵات و له پێشخستنی كۆمه‌ڵگه‌دا.
وڵات چاوى له ئێوه‌يه كه ڕۆڵى خۆتان بگێڕن. هه‌ر يه‌كه و له بوارى خۆي‌دا داهێنان بكه‌ن و به بير و عه‌قڵى تازه و بنياتنه‌رانه، ده‌رفه‌تى كار بۆ خۆتان و ده‌روبه‌رتان دروست بكه‌ن. كارى سه‌ركه‌وتوو بكه‌ن بۆ به‌ره‌وپێشبردن و به‌هێزكردن و هه‌مه‌جۆركردنى ئابوورى.
بيرۆكه و ڕوانگه‌ى سه‌ركه‌وتووى زانستى و پيشه‌يى پێشكه‌ش بكه‌ن، بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه و قه‌يرانه‌كانى وڵاته‌كه‌مان له هه‌موو بواره‌كاندا. بۆ باشتركردنى ئاستى ژيان و كۆمه‌ڵگه و په‌ڕينه‌وه بۆ داهاتوويه‌كى باشتر.
ئێوه ده‌بێ له‌گه‌ڵ هاوكاران و هاوتاكانتان له زانكۆكانى ديكه‌ى كوردستان، له عێراق و جيهان، پێكه‌وه كار و هه‌ماهه‌نگى بكه‌ن. سوود له زانست و زانياريى يه‌كتر ببينن. به بيرۆكه‌ى داهێنانه‌رانه و پێشنيار و ڕه‌خنه‌ى بنياتنه‌رانه، پردێكى په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تيى وڵات‌دا دروست بكه‌ن. به‌شدار و هاوبه‌ش بن له به‌ڕێوه‌بردنێكى باشترى وڵات‌دا، تا هه‌موومان پێكه‌وه بتوانين كوردستانێكى به‌هێزتر و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانمان بنيات بنێين.
ئێوه و نه‌وه‌ى تازه‌ى كوردستان، ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕى سوود له ته‌كنه‌لۆژيا و پێشكه‌وتنى زانستيى سه‌رده‌مییانه ببينن. ده‌توانن كاركردن له دووره، له ماڵ، له‌گه‌ڵ كۆمپانياكان و كه‌رتى تايبه‌ت و گشتى له هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ى وڵاتيش په‌ره‌ی پێبده‌ن و جگه له دۆزينه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى كار، له‌و ڕێگه‌يه‌وه ببنه باڵيۆزێكى باش بۆ وڵاته‌كه‌تان له جيهاندا.
كار، ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تييه. ئێوه كه ده‌ست به كار ده‌كه‌ن، ده‌بێ به‌رپرسانه و به پێى ئيتيكى كار، به شێوه‌يه‌كى پيشه‌يى هه‌موو تواناكانتان بخه‌نه خزمه‌تى كاره‌وه. داهێنانى تێدا بكه‌ن و پێشخستن و سه‌ركه‌وتنى، مسۆگه‌ر بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ هه‌ميشه به عه‌قل و بير‌ى كراوه كار بكه‌ن و به‌رده‌وام گۆڕانگارى بۆ باشتر و باشتر دروست بكه‌ن.
نموونه‌ى سه‌ركه‌وتووى هه‌ندێ له ده‌رچووانى زانكۆ و په‌يمانگاكان هه‌ن. كار و بزنسى خۆيان دامه‌زراندووه، ده‌رفه‌تى كاريان بۆ خه‌ڵكى ديكه‌ش دروست كردووه. ئه‌مه جێگه‌ى ئومێد و خۆشحاڵيی ئێمه‌یه. شانازى ده‌كه‌ين كه ده‌بينين گه‌نجانى ئێمه به خواست و ئيراده‌يه‌كى به‌رزه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن و له هه‌ر بوارێكى كار و خزمه‌تدا بێت، خۆيان ده‌سه‌لمێنن. هه‌ست به به‌رپرسياريه‌تى و خاوه‌نداريه‌تى ده‌كه‌ن.
ژيان هه‌ميشه له پێشكه‌وتن و گۆڕاندايه. تا ژيان هه‌يه، پێويسته به‌رده‌وام فێر ببيت و له‌گه‌ڵ دوايين و تازه‌ترين پێشكه‌وتنه‌كانى سه‌رده‌مدا، ئه‌پده‌ت بكرێین. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌يه‌وه، وه‌ك پێويستييه‌كى زۆر گرنگ و له‌پێش، ده‌بێ له هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه بايه‌خ و گرنگيى تايبه‌ت به كواليتى و ئاستى زانست و نوێكردنه‌وه‌ى پرۆگرام و به‌رنامه‌ى خوێندن و فێركردن بدرێت. ده‌بێ هه‌ميشه له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كاندا بڕۆين، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين به كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى زيندوو بمێنينه‌وه و به كاروانى جيهانى پێشكه‌وتوو ڕابگه‌ين.
ده‌چووانى خۆشه‌ويست،
دڵنيام هه‌ر يه‌كه‌تان ده‌يان بيرۆكه‌ى جياى هه‌يه بۆ هه‌ر يه‌كێك له بواره‌كانى ژيان. بۆ ئابوورى، بۆ كار، بۆ سياسه‌ت، بۆ به‌ڕێوه‌بردن. هه‌ر يه‌كه‌تان خه‌ونى هه‌يه له بوارى خۆي‌دا ببێته ژماره‌يه‌كى ديار. ده‌مه‌وێ دڵنياتان بكه‌مه‌وه، به هه‌وڵ و كۆڵنه‌دان و سووربوونتان له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتن، چۆن ئه‌مڕۆ سه‌ركه‌وتن و زانكۆتان ته‌واو كرد، ئاواش به هه‌مان گيانى سووربوون و كۆڵنه‌دان و هه‌وڵدان، ده‌توانن بيرۆكه و خه‌ونه‌كانتان بكه‌نه ڕاستى.
بۆيه لێره‌وه به ئێوه و به هه‌موو ده‌رچووانى زانكۆ و په‌يمانگاكانى كوردستان ده‌ڵێم: ته‌نيا پشت به كاركردن له كه‌رتى گشتيدا مه‌به‌ستن. وه‌ك چۆن له خوێندندا خۆتان سه‌لماند و سه‌ركه‌وتن، ئاواش ده‌توانن بۆ دروستكردنى ده‌رفه‌تى كار و داهێنان، خۆتان بسه‌لمێنن. بۆ ئه‌مه ده‌بێ هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ بازاڕ و كه‌رتى تايبه‌تدا بكه‌ن و به دڵنیاییشه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوكار و پشتيوانتان بێت.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
هه‌موو لايه‌ك ئاگادارن كه دواى ڕێككه‌وتنى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوبردنى ده‌وڵه‌ت بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ، جۆرێك له سه‌قامگيريى سياسى له وڵات هاتووه‌ته ئاراوه. گه‌لى عێراق به گشتى و دۆستان له جيهان، به خۆشحاڵى و ئومێده‌وه له لێكه‌وته ئه‌رێنييه‌كانى ئه‌و ڕێككه‌وتنه ده‌ڕوانن، بۆ داهاتوويه‌كى باشتر، هيوا و ئومێديان له‌سه‌ر بنيات ناوه.
مايه‌ى نيگه‌رانييه‌كى قووڵ و بێ ئومێدييه ئه‌گه‌ر هه‌ندێ لايه‌ن هه‌وڵ بده‌ن ته‌گه‌ره بخه‌نه به‌رده‌م ڕێككه‌وتنه‌كان و لێكگه‌يشتنى نێوان لايه‌نه‌كان. ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌يه و هه‌وڵدان بۆ پێشێلكردنى مافه ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌رگيز قبووڵكراو نييه و هيچ سوودێك به هيچ لايه‌ك و به عێراق و سه‌قامگيريى وڵات ناگه‌يه‌نێت. ئه‌مه ته‌نيا دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌زموونێكى شكستخواردووه كه هه‌ميشه به زيانى عێراق و هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق، ته‌واو بووه. بۆيه لێره‌وه داوا له هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م پابه‌ندى ڕێككه‌وتنه‌كان بن و پرۆسه و سه‌قامگيريى سياسيى وڵات بپارێزن.
ڕێگه‌ى ڕاست و دروست بۆ تێپه‌راندنى كێشه و قه‌يرانه‌كان له عێراق، پابه‌ندبوونه به ڕێككه‌وتن و لێكگه‌يشتنى نێوان لايه‌نه‌كان به‌گشتى و لايه‌نه‌كانى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت به شێوه‌یه‌كی تايبه‌تى. ده‌بێ عێراق كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موومان بێت كه تيايدا هه‌موو مافه ده‌ستوورييه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كان پارێزراو و ڕێزلێگيراو بن. مێژوو ئه‌مه‌ى سه‌لماندووه و ده‌بێ هه‌موومان په‌ند و وانه له ڕابردوو وه‌رگرين.
چ له عێراق و چ له هه‌رێمى كوردستان، خه‌ڵك ئيتر له كێشه و ناكۆكيى سياسى، بێزار و ماندوو بووه. هه‌موومان ده‌بێ به خۆماندا بچينه‌وه و به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات، بخه‌ينه سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه. ئێمه ته‌نيا و ته‌نيا به يه‌كڕيزى و يه‌كترقبووڵكردن و ته‌بايى و پێكه‌وه ده‌توانين پارێزگارى له قه‌واره‌ى فيدراڵى و مافه ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ين و به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر، هه‌نگاو بنێين.
له كۆتاييدا، ده‌رچووانى خۆشه‌ويست، دووباره پيرۆزباييتان لێده‌كه‌م، له ژيان و كار و ئه‌ركى داهاتوو، هيواى سه‌ركه‌وتنى زياترتان بۆ ده‌خوازم. ئێوه و هه‌موو گه‌نجانى ديكه‌ى كوردستان كه له هه‌ر زانكۆیه‌ك و په‌يمانگه‌يه‌ك ده‌رده‌چن، مايه‌ى شانازى و سه‌ركرده و ئومێدى داهاتووى وڵاتن.
ئيواره‌تان باش و كاتێكى خۆش بۆ هه‌موو لايه‌كتان ده‌خوازم.
به‌خێربێن.
زۆر سوپاس.