سێشەممە, تشرینی دووه‌م 19, 2024

شاندێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بڵاوی كرده‌وه‌: بەمەبەستی داکۆکیکردن لە مافه‌كانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و بۆ زیادکردنی ڕێژەی وەرگرتنی گەنم و ڕۆیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، شاندێكی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ئەمڕۆ دەگاتە بەغدا.

بڵاویشی كرده‌وه‌: شانده‌كه‌ بەیانی بەشداری دەکەن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری عێراق كه‌ بە سەرۆکایەتی د. فوئاد حسێن جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری دارایی عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

هه‌روه‌ها بڵاوی كرده‌وه‌: شانده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ی دووشه‌م نووسراوێکی فەرمی ناڕەزایەتی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری عێراق ده‌كه‌ن، لەسەر بابەتی دیاریکردنی رێژه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران کە بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە و بڕه‌كه‌ی 375 هەزار تەنە. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ نووسراوه‌كه‌دا داواكراوه‌ ڕێژه‌كه‌ زیاد بكرێ و بە هەمانشێوەی شارەکانی تری ناوەڕاست و خوارووی عێراق بێت .

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ڕاشیگه‌یاند: لەسەر بابەتی رێگریکردن لە ڕۆیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، شانده‌كه‌ی هه‌رێم نامەیەکی ناڕەزایەتی و داواکاری دەگەیەننە ئەنجوومەکە.

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی بەشداریکردنی شانده‌كه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ی، گەیاندنی کێشە و داواکارییەکانی جوتیاران و پەیامی وەزارەته‌ .