بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی ئایاری 2023، کاتژمێر 7:00ی ئێوارە، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و لە چەندین بەشی جیاواز پێکدێت وەک بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا، و پەیوەندییەکان.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاست بەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.
زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک ئینگلیزیە و بە سیستمی “هونەری ئازاد” قوتابیانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزایەکیی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەودەکرێت.